سەرۆکی شاندی حکومەتی هەرێم لە ئەنقەرە رایگەیاند، چەند کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ وەزارەتەکانی تورکیا ئەنجامداوە و باسیان لە کۆمەڵێک بابەتی نێوانیان کردووە، لەنێویاندا کێشەکانی سنووری ئیبراهیم خەلیل و ئەو گرفتانەی رووبەڕووی کۆمپانیاکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان دەبنەوە.
شاندێکی هەرێم کە پێکهاتوون لە سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە تورکیا چەند کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.
رۆژی هەینی 17ـی حوزەیرانی 2022، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و سەرۆکی شاندەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی خستەڕوو و وتی، چەند کۆبوونەوەیەکمان لە تورکیا ئەنجامداوە کە دواترینیان کۆبوونەوەیەک بووە لەگەڵ پێنج وەزارەتی تورکیا، لەنێویاندا وەزارەتەکانی بازرگانی، گواستنەوە، ناوخۆ و بەرگری و شاندی باڵای ئەو وەزارەتانە ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون. لەسەر چەند خاڵێک گفتوگۆمان کرد، لەنێویدا باسمان لە چۆنێتیی زیاترکردنی بازرگانی و وەبەرهێنان لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیادا کرد”.
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد، کە باسیان لە کێشەی کۆمپانیا تورکییەکان لە هەرێمی کوردستان کردووە و ئامادەییان دەربڕیوە بۆ چارەسەرکردنیان و لە بەرامبەیشدا داوایان لە لایەنی تورکی کردووە کە ئاسانکاری بۆ کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان لە تورکیا و ئەوانیش بەڵێنی هاوکارییان داوە.
دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەر تەوەرێکی کۆبوونەوەی شاندی هەرێم و بەرپرسانی تورکیا بووە، ئومێد سەباح لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوەدا، “باسمان لە دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەر کرد، کە ئێستا لێکتێگەیشتن لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و لایەنی تورکیدا هەیە؛ هەروەها لەسەر دروستکردنی گۆڕەپانی بازرگانی لەسەر سنوورەکان قسەمان کرد، کە پێشنیازی حکومەتی عێراق بوو”.
کردنەوەی دەروازەیەکی دیکە لەنێوان هەرێم و تورکیا لە کۆبوونەوەکاندا قسەی لەسەرکراوە. سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم وتی، “زیادکردنی دەروازە وەکو زێت و سەرزێڕێ، هەروەها باسمان لەو کێشانە کرد کە دێنە بەردەم بازرگانان و گەشتیاران لە سنووری ئیبراهیم خەلیل، لایەنی تورکی بەڵێنیاندا کاری لەسەر بکەن”.
ئومێد سەباح باسی لەوەش کرد، کە ئەنجامی کۆبوونەوەکان دەخەنە بەردەستی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەوەی پێویست بێت لە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر دەدەن.