ماڵپەڕی فەرمی حکومەت رایدەگەیەنێت، لە رێگەی پڕۆژەی بەرهەمی ماسی پارێزگای دهۆک ماسی پێویستی ناوخۆ پڕدەکەنەوە و رەوانەی باشور و ناوەڕاستی عێڕاق و وڵاتانی کەنداوی دەکەن.
شوکری عومەر، بەڕێوەبەری پڕۆژەی بەرهەمی ماسی بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند: ئامانج لە پڕۆژەی ماسی کوردستان لە دهۆك پڕكردنەوەی پێویستی ناوخۆ و پەرەپێدانیەتی بۆ ئاستێك بتوانرێت هەناردەی دەرەوە بكرێت، کە لە قۆناغی یەكەمیدا دەتوانێت لە ساڵێکدا 21 ملیۆن پەنجە ماسی و هەزار و 200 تۆن گۆشتی ماسی بەرهەم بهێنێت.
بەڕێوەبەری پڕۆژەی بەرهەمی ماسی دەشڵێت: ئەم پڕۆژەیە، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان و تەواوکاری بەرهەمی کشتوکاڵییە لە هەرێمی کوردستان، سەرمایەکەی 10 ملیۆن دۆلارە، لەئێستادا 500 دەرفەتی کاری بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ هاووڵاتییان ڕەخساندووە.
لەبارەی وردەکاری پڕۆژەکەوە، شوکری عومەر راشیگەیاند: ڕووبەرەی پڕۆژەکە 229 دۆنمە و پێکدێت لە هەڵهێنەری ماسی، تاقیگە، حەوزی خۆڵ و قەفەزی ماسی، پلانیش هەیە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ئالیک دابنرێت و دوای پڕکردنەوەی پێویستیی ناوخۆ، لە ئاییندەدا بەرهەمی ئەم پرۆژەیە هەناردەی بازاڕەکانی عێراق و وڵاتانی کەنداو بکرێت.