حکومەتی هەرێم لەبارەی دابەشکردنی مووچە روونکردنەوە دەدات
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • حکومەتی هەرێم لەبارەی دابەشکردنی مووچە روونکردنەوە دەدات

حکومەتی هەرێم لەبارەی دابەشکردنی مووچە روونکردنەوە دەدات

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:42
حکومەتی هەرێم لەبارەی دابەشکردنی مووچە روونکردنەوە دەدات
0

لایک

جووتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەواڵی دواکەوتنی مووچە هیچ بنەمایەکی نییە و هیچ لایەنێکی فەرمی لێدوانی لەم جۆرەی نەداوە و بەم نزیکانە خشتەی دابەشکردنی مووچە رادەگەیەندرێت.

لەبارەی دەنگۆی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی مانگی 10، وتەبێژی حکومەت، گوتی: “ئێمە وەکو حکومەت و هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی نەیگوتووە دابەشکردنی مووچە دوادەکەوێت، بەمنزیکانە خشتەی دابەشکردنی مووچە بڵاودەکرێتەوە”.

وتیشی: “بڵاوکردنەوەی دەنگۆی دواکەوتنی مووچە هیچ بنەمایەکی نییە و فەرمی نییە، لایەنی فەرمی بۆ ئەو بابەتە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستانە”.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق، جووتیار عادل وتی: “پلانی حکومەتی هەرێم ئەوەیە ئەو پرسە گرنگانەی چەند ساڵێکە جێبەجێ نەکراون ببنە کرۆکی گفتوگۆکانی داهاتووی نێوانمان، بابەتی خاک لای ئێمە گرنگە و دەبێ لیژنەی تایبەت بە ماددەی 140 کارا بکرێتەوە، خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم لە بارودۆخێکی خراپدان و تەعریب بەردەوامە”.

وتەبێژی حکومەت، لەبارەی دابەشکردنی نەوت و نرخەکەی روونیکردەوە: “کێشەی ئێمە لە دابەشکردنی نەوتی سپی ئەوەیە حکومەتی عێراق نەیهێشتووە پاڵاوگەی نەوت لە هەرێمی کوردستان دروستبکات، توانای هەرێمی کوردستانیش لەورووەوە دیاریکراوە، دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان بەلای ئێمەوە ئەولەویەت بووە، بۆیە لەوێ دەست بە دابەشکردنی دەکرێت، ئێمە لەگەڵ حکومەتی عێراق رێککەوتنمان هەیە بۆ ناردنی نەوتی سپی، بەداخەوە حکومەتی عێراق یەک بەرمیل نەوت لە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بە 30 هەزار دینار بەسەر هاووڵاتییان دابەش دەکات، بەڵام بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان بە 150 هەزار دینار دەنێرێت، بۆ هەر لیترێک 750 دیناری هەژمارکردووە”.

دەربارەی هەڵمەتی هێزەکانی ناوخۆ بۆ دەستبەسەردا گرتنی چەکی بێمۆڵەت، جووتیار عادل رایگەیاند، لەو بابەتە هیچ کسێک بەدەر نییە لە یاسا و دەبێت هەموو کەس پابەندی یاسا و رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بن، هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت هەموو کەس دەگرێتەوە.

وتەبێژی حکومەت لەبارەی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەی خستەڕوو، تائێستا نزیکەی 30 هەزار پێشمەرگە لە یەکەکانی 70 و 80 خراونەتەوە سەر میلاکاتی وەزارەتی پێشمەرگە، گوتیشی: “کۆمەڵێک چاکسازی دیکە لەبارەی یەکخستنەوەی یەکەی ژمێریاری لە وەزارەتی پێشمەرگە کراوە و پڕۆسەکەش بەردەوامە”.