بە بەشداریکردنی جێنین ھێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق هەریەک لە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانی عێراق و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق چۆنییەتی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی سنجار تاوتوێ دەکەن.
بەپێی زانیارییەکان، کۆبوونەوەکە کاتژمێر یەکی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانی عێراق دەستی پێکردووە و تیادا نوێنەرانی حکومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ بە بەشداری جێنین ھێنیس پلاسخارت باس لە هەنگاوەکانی چۆنییەتی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال تاوتوێ دەکەن.
رێککەوتننامەی شنگال
رۆژی نۆی تشرینی یەکەم، هەولێر و بەغدا لەسەر دروستکردنی ئیدارەیەکی نوێ بۆ قەزای شنگال رێککەوتن.
بەپێی رێککەوتننامەکە، ئیدارەیەکی ھاوبەش لەنێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێم لە شنگال دروست دەکرێت و دۆسیەی ئەمنی شارەکە بە پۆلیسی خۆجێی و پاراستنی دەرەوەی شارەکەش بە سوپای عێراق و پێشمەرگە دەسپێردرێت.
حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھەماھەنگی لەگەڵ نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەم خاڵانە رێککەوتن:
١- تەوەری کارگێڕی:
– دیاریکردنی قایمقامێکی نوێ بۆ سنجار کە سەربەخۆ و پیشەیی و ئەستۆپاک بێت و بە گوێرەی رێککارە دەستووری و یاساییەکان پەسندکراو بێت.
– لەلایەن لیژنەیەکی ھاوبەش کە لەلایەن ھەردوولاوە پێکدەھێنرێت، دوای دیاریکردنی قایمقام، چاو بە پێگە کارگێڕییەکانی دیکەدا دەخشێنرێتەوە کە لەو کارەدا رەچاوی بنەما پیشەیی و یاساییەکان دەکرێت.
٢- تەوەری ئەمنی:
– تەنھا پۆلیسی ناوچەکە و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ھەواڵگری بەرپرسیارێتیی ئاسایشی قەزاکە لە ئەستۆ دەگرن و ھەموو رێکخراوە چەکدارییەکانی دیکە بۆ دەرەوەی سنووری سنجار دوور دەخرێنەوە.
– بەھێزکردنی ئاسایش لە قەزاکەدا لە رێگەی دامەزراندنی دوو ھەزار و کەس لە ھێزی ئاسایشی ناوخۆدا لایەنی ئاسایشیی کە لەو ھێزەدا دەستەبەریی دادپەروەرانە دەکرێت بۆ بەشداریپێکردنی ئاوارەی کەمپەکان لە خەڵکی ناوچەکە.
– کۆتاییھێنان بە بوونی رێکخراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سنجار و ناوچەکانی دەورووبەریدا و نابێت رێکخراوەکە و ئەوانەی سەر بەون ھیچ رۆڵێکیان لە ناوچەکەدا ھەبێت.
٣- تەوەری ئاوەدانکردنەوە:
پێکھێنانی لیژنەیەکی ھاوبەش لە حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئاوەدانکردنەوەی سنجار بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئیدارەی خۆجێی لە پارێزگای نەینەوا و ئاست و وردەکارییەکانی ئەرکەکەی لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستانەوە دیاریدەکرێت.
٤. بە مەبەستی چاودێریکردنی ئەوەی لە تەوەری کارگێڕی و ئەمنیدا ھاتووە، لیژنەیەکی مەیدانیی ھاوبەش لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ھەردوولا پێکدەھێنرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەوەی لە رێککەوتننامەکەدا ھاتووە.
دوای گشتپرسی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧دا، لووتکەی ناکۆکییەکانی نێوان ھەولێر و بەغداد، سنجار لە پاڵ کۆمەڵێک ناوچەی جێناکۆکی نێوان ھەرێم و بەغداد، کەوتە ژێر دەستی چەکدارانی نایاسایی و ھێزەکانی حەشدی شەعبی.
دانیشتوانی سنجار کە دوای ساڵی ٢٠١٤ بەھۆی ھێرشی داعشەوە ناوچەکەیان چۆڵکردبوو و ئاوارە بوون، داوا دەکەن ھێزە چەکدارەکان شارەکەیان چۆڵ بکەن و دۆخی مەدەنی و ئاسایی بۆ ناوچەکەیان بگەڕێتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت واژووکردنی رێککەوتننامەی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغداد رێگە بۆ گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە خۆش بکات کە بەشێکی زۆریان لە دۆخێکی ناھەمواری کەمپەکاندا دەژین.