حکومەتی عێراق دووپاتی دەکاتەوە به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دۆلار كاتیه‌
  • TEBA KURDİ
  • ئابووری
  • حکومەتی عێراق دووپاتی دەکاتەوە به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دۆلار كاتیه‌

حکومەتی عێراق دووپاتی دەکاتەوە به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دۆلار كاتیه‌

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:40
حکومەتی عێراق دووپاتی دەکاتەوە به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دۆلار كاتیه‌
0

لایک

مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د ساڵح ڕاوێژكاری سه‌رۆك وه‌زیران بۆ كاروباری دارایی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دۆلار كاتیه‌ و په‌یوه‌سته‌ به‌رێكاره‌ كارگێڕی و داراییه‌كانه‌وه‌، یه‌ده‌گی دراوی عێراقیش به‌رزترین ئاستی له‌مێژوودا تۆماركردوه‌ و ده‌توانێت به‌ئاسانی هاوسه‌نگی له‌نرخی دینار بپارێزێت.

مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د ساڵح له‌لێدوانێكدا به‌ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی راگه‌یاند، هه‌ڵاوسانی كه‌م له‌ نرخی ئاڵوگۆڕی دراو له‌ده‌ره‌وه‌ی نرخه‌ ناوه‌ندییه‌كانی ئێستا به‌ هۆكاری ناوخۆیی و ده‌ره‌كی هاتۆته‌ ئاراوه‌، هۆكاره‌ ناوخۆییه‌كانیش په‌یوه‌ندییان به‌ دۆلاری نه‌ختینه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌و پێیه‌ش په‌نجه‌ره‌ی دراوی بیانی بانكی ناوه‌ندی ساڵانه‌ نزیكه‌ی 10 ملیار دۆلار دابینده‌كات بۆ نوسینگه‌ و كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو و بانكه‌كان بۆ مه‌به‌ستی گه‌شتیاری، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی زۆریش له‌ پێداویستییه‌كانی ناوخۆ له‌ئێستادا به‌ دۆلار كڕین و فرۆشتنیان پێوه‌ده‌كرێت و له‌و رێگه‌یه‌وه‌ دابینده‌كرێت.

وتیشی، “دراوی نه‌ختینه‌ ده‌بێته‌ هۆی سه‌قامگیركردنی بازاڕی ئاڵوگۆڕ به‌ دوو رێڕه‌و، یه‌كه‌میان نوێنه‌رایه‌تی ده‌كرێت به‌ چاودێریكردنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو بۆ دڵنیابوون له‌ رۆیشتنی دراوی بیانی له‌ دۆلاره‌وه‌ بۆ سودمه‌ندانی گه‌شتیاران، به‌جۆرێك كه‌ پشكی یەک گه‌شتیار بوه‌ته‌ پێنج هه‌زار دۆلار له‌بری سێ هه‌زار دۆلار، هه‌روه‌ها 10 هه‌زار دۆلاریش ده‌درێته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ر وه‌رگرتن ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی لقی بانكه‌ حكومیه‌كان و زیادبوونی خواستی هاووڵاتیان بۆ وه‌رگرتنی دراوی بیانی ده‌بێته‌ هۆی فراوانكردنی سه‌رچاوه‌كانی ده‌ستكه‌وتنی دۆلار”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ڕێڕه‌وی دووه‌م په‌یوه‌ندی به‌و دۆلاره‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ ڕێگه‌ی لقه‌كانی بانكی ناوه‌ندییه‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌گوازرێته‌وه‌، كه‌ ئامانجیه‌تی بازرگانی ده‌ره‌كی بۆ كه‌رتی تایبه‌ت دابینبكات، چونكه‌ ئه‌م گواستنه‌وانه‌ بۆ بانكه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات نزیكه‌ی 90%ی كۆی خواست له‌سه‌ر دراوی بیانی له‌ بانكی ناوه‌ندی پێكده‌هێنن”.

مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د ساڵح ئاشكرایكرد، ناڕه‌زایه‌تی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌ندێك گواستنه‌وه‌ی ناته‌واوی دۆلار له‌لایه‌ن به‌شێك له‌ بانكه‌ ئه‌هلیه‌كانه‌وه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و كڕیاره‌كانیان، هه‌ربۆیه‌ گواستنه‌وه‌ی دۆلار بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌لایه‌ن به‌شێك له‌ بانكه‌ ئه‌هلیه‌كانه‌وه‌ ره‌تكراوه‌ته‌وه‌.

راوێژكاره‌كه‌ی سوودانی بۆ كاروباری دارایی روونیشیكرده‌وه‌، “بانكه‌ ئه‌هلیه‌كان پابه‌ند ده‌كرێن به‌ بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كان له‌گواستنه‌وه‌ی دۆلار بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ئه‌ویش له‌روی وردبینی و متمانه‌پێكردنی داواكارییه‌كانه‌وه‌ ده‌بێت، ئه‌م بابه‌ته‌ش ورده‌ ورده‌ به‌ره‌و باشتر ده‌ڕوات”.

ئه‌وه‌شی راگه‌یاند، “یه‌ده‌گی دراوی بیانی گه‌یشتوه‌ته‌ به‌رزترین ئاست له‌ مێژووی دارایی عێراقدا، هاوسه‌نگییه‌كه‌ی ره‌نگه‌ 100 ملیار دۆلاری تێپه‌ڕاندبێت، ئه‌مه‌ش مانای وایه‌ هیچ ترس و نیگه‌رانییه‌ک نییه‌ له‌ توانا داراییه‌كانی عێراق له‌ سه‌پاندنی سه‌قامگیری بۆ به‌های دینار و به‌رزبوونه‌وه‌ی دۆلاریش كاتیه‌، تا ئه‌و كاته‌ی كه‌ بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداركانی په‌یوه‌ست به‌ كاروباری كارگێڕی و رێكخراوه‌یی له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ گواستنه‌وه‌ی ده‌ره‌كی و بازرگانی دراوی بیانی رێكده‌خرێن”.