ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق فۆرمێک ئاراستەى ئەندامانى پەرلەمانى عێراق دەکات بۆ هەڵسەنگاندنی ئەداى پارێزگارەکان کە دەبێت لەماوەى 72 کاتژمێردا بیگەڕێننەوە. بڕیاری دوورخستنەوە یەکێکە لە خاڵەکانی ئەو فۆرمە.
بەڕێوەبەرى نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراق نووسراوێکی ئاراستەى پەرلەمانى عێراق کردووە کە فۆرمێکی لەگەڵ هاوپێچ کراوە بۆ ئەوەى بیدەنە پەرلەمانتاران، تاوەکو بۆچوونیان وەربگرن لەبارەى ئەداى پارێزگارەکانى عێراقەوە.
لەو فۆرمەدا کە بۆ پەرلەمانتاران نێردراوە، شەش هەڵسەنگاندن داندراوە کە پەرلەمانتاران سەرپشککراون بۆ دیاریکردنى، لەوانە؛ ئاستى تواناى بڕیاردانانى پارێزگارەکان، تواناى لە چارەسەرى کێشەکان، رۆڵبینینى لە هاندانى وەربەهێنان لە پارێزگاکەى، ئاستى دەسەڵاتەکانى، ئاستى تواناى پەرلەمانتاران لە دەستکەوتنى زانیارى، لەکۆتا هەڵسەنگاندندا داوا لە پەلەمانتاران کراوە کە راسپاردەکانیان دیاری بکەن لەبارەى دوورخستنەوەى پارێزگارەکە یان بەربژێرکردنى بۆ پۆستێکى دیکە یان مانەوەى لە پۆستەکەى یان پەرەپێدانى.
لە 12ى کانوونى یەکەمەوە محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق سێ بۆ شەش مانگ مۆڵەتى داوەتە وەزیر و پارێزگار و بەڕێوەبەرە گشتییەکان بۆ هەڵسەنگاندنی ئەدایان لە جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت.