محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە فەرمی رۆژی پێنچشەممەی بۆ دانیشتنی تایبەت بە بەخشینی متمانە بە کابینەکەی محەمەد شیاع سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق دیاریکرد.
محەمەد حەلبووسی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاندوە، سبەی پێنجشەممە کاتژمێر 2:00ی دوای نیوەڕۆ، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە کابینەکە و پۆستە وزارییەکانی دیاریکراو لە لایەن محەمەد شیاع سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق بەرێوەدەچێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر سەرۆکایەتی پەرلەمان لە راگەیندراوێکی فەرمیدا داواکاریەکەی سەرۆکوەزیرانی راسپێدراوی عێراقی لەبارەی دانیشتنی پەرلەمان بە مەبەستی پێکهێنانی حکومەت رەتکردەوە و تێیدا هاتبوو، داواکاری سەرۆک وەزیرانی راسپێدراو پێشێلکاری دەستووری تێدابووە.
دواتر محەمەد شیاع سەرۆک وەزیرانی راسپێدراوی عێراق داوکارییەکی نوێی بە مەبەستی رێکخستنی دانیشتنی پەرلەمان بۆ بەخشینی متمانە بە کابینکەی، ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق کرد.