لە کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، بڕیاردرا بە پابەندکردنی فەرمانگە حکومییەکان بۆ فرۆشتنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بە دینار و جێگیرکردنی نرخی هەر دۆلارێکیش بەرامبەر بە هەزار و 470 دینار.
ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆبونەوەی هەفتانەی خۆی ئەنجامدا و نوسینگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی وەزیران راگەیەندراوێکی سەبارەت بە ئەنجامی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری داوە کە دۆلار بە شوێنە خزمەتگوزارییەکان بە نرخی فەرمی 1470 دینار بفرۆشرێت.
بەپێی بڵاوکراوەکە لە کۆبوونەوەکە دوو بابەتی دیکەش باسکراون، ئەوانیش قەرەباڵغی لە شەقامەکانی پارێزگاکانی عێراق و بەدیاریکراویش پارێزگای بەغداد و بڕیارە پلانی ستراتیژی جێبەجێبکرێت بۆ نەهێشتنی قەرەباڵغی شەقامەکان.
لەلایەکی دیکەشەوە، بڕیاردراوە کە رووبەری کشتوکاڵکردن فراوانتر بکرێت بۆ ئەمساڵ بەشێوەیەک رووبەری چاندن لەسەر سەرچاوە ئاوییەکان بگاتە دوو ملیۆن و نیو دۆنم.
ئەمەش لەدوای ئەوە دێت، بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوو بەهای دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ نرخی فەرمی خۆی بەشێوەیەک لە بازاڕەکانی دراو بەهای 100 دۆلار بەرامبەر 147 هەزار دینار بێت.