حاكم زاملی، جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پرۆژه‌یاسای به‌تاوان ناساندنی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل كرا، هه‌فته‌ی داهاتوو پرۆژه‌یاساكه ده‌خرێته كارنامه‌ی دانیشتنی په‌رله‌مانه‌وه و په‌سه‌ند ده‌كرێت.
حاكم زاملی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكردووەته‌وه، پرۆژه‌یاسای به‌تاوان هه‌ژماركردنی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل گرنگی تایبه‌تی خۆی هه‌یه به‌تایبه‌ت له‌ئێستادا هه‌نگاوه‌كانی ئاساییكردنه‌وه له‌ناوچه‌كه رووی له‌زیادبوون كردووه، له ئێستاشدا گه‌لی عێراق چاوه‌ڕوانی رێكاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌كات بۆ ده‌ركردنی ئه‌و یاسایه، “ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش سووره له‌سه‌ر ده‌نگدان به پرۆژه‌یاساكه و هه‌ر ئه‌وه‌ش له نوێنه‌رانی گه‌ل چاوه‌ڕوانده‌كرێت”.
وتیشی، “له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌ماندا خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پرۆژه یاسای به‌تاوان هه‌ژماركردنی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل كرا، له‌ئێستاشدا ئاراسته و هه‌ڵوێستێكی نیشتمانی جێگیر هه‌یه به‌رامبه‌ر به كیانی زایۆنی و هه‌نگاوه‌كانی دیكه‌ی پرۆژه‌یاساكه‌ش جێبه‌جێده‌كرێن”.
ئەوەشی ئاشكراکرد، رۆژانی یه‌كشه‌ممه و دووشه‌ممه و سێشه‌ممه‌ی هه‌فته‌ی داهاتوو ته‌رخان ده‌كرێت بۆ كۆبوونه‌وه‌ی لێژنه‌كانی په‌رله‌مان تایبه‌ت به پرۆژه یاسای به‌تاوان هه‌ژماركردنی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل، به‌مه‌رجێک دانیشتنی داهاتووی ئه‌نجومه‌ن چوارشه‌ممه‌ی داهاتوو به‌ڕێوه‌بچێت بۆ په‌سه‌ندكردنی.