فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەند هێرشێکی ئاسمانیان کردە سەر هەردوو پارێزگای حمس و لازقیە.
‘تەلەفزیۆنی سووریا’ ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل کۆلێژی بەرگری ئاسمانییان لە ناوچەی ئۆراس لە حمس و ناوچەی سقوبین لە نزیک لازقیە بۆردومان کرد، بەگوێرەی شایەتحاڵانی ناوچەکەش دەنگی تەقینەوەی گەورە لە حمس بیستراوە.
ئەم هێرشانە بەشێکن لە زنجیرە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شوێنەکانی ناو خاکی سووریا، هەروەها چەند جارێک سوپای ئیسرائیل لە پارێزگای قونەیترەی سووریا کە هاوسنوورە لەگەڵ بەرزاییەکانی جۆلان چوونەتە ژوورەوە.
هاوکات حکوومەتی سووریا ئیدانەی هێرشە ئاسمانیەکانی ئیسرائیلی کرد، کە چەند شوێنێکی لە پارێزگاکانی حمس و لازقیەی کردە ئامانج، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هێرشانە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی ڕەشنووسی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
وەزارەتی دەرەوە و تاراوگەنشینانی سووریا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، ئەم هێرشانە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری سووریا و هەڕەشەی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، جەختیشی کردەوە، ئەوان بەشێکن لە ئامانجە شەڕانگێزییەکانی ئیسرائیل کە لە دژی خاکی سووریا ئەنجامی دەدات.
وەزارەتی دەرەوە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایش کرد، بەرپرسیارەتی یاسایی و ئەخلاقییەکانی خۆی لە ئەستۆ بگرێت، هەڵوێستی ڕوونی هەبێت بۆ کۆتاییهێنان بەو هێرشە دووبارانە و ڕێزگرتن لەسەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا.