وتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ئاماژەدان بە پێشهاتەکانی عێراق رایگەیاند، تیرۆریزم هەرەشەی هاوبەشی عێراق و تورکیا و ئێرانە.
لەمیانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ناسڕ کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تەهران ئاماژەی بە دواهەمین پێشهاتەکانی رۆژەڤ دا و وتی، “تیرۆریزم مەترسیی هاوبەشی عێراق و تورکیا و ئێمەیە. پێویستە لەوبارەیەوە چارەسەرێک بدۆزرێتەوە و میکانیزمێک دابندرێت بە هاوبەشی بۆچوونی هەموو لایەنەکان لەپێناو رێگریکردنی لەو جۆرە رووداوانە”.
هاوکات کەنعانی ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و رووسیا لەگەڵ ئێران دا و وتی، “ئێران دەیەوێت پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی ناوچەگەریی و رۆژهەڵاتیی تایبەت بە وڵاتانی ئاسیا پەرەبسێنێت. هەر لەو سۆنگەیەشەوە هەنگاوەکانی دەنێت”.
کەنعانی راشیگەیاند کە ئێران هەوڵی گۆڕانکاری لە بلۆکەکان ناکات لەرووی سیاسەتی دەرەوە و لەگەڵ رووسیا خاوەنی پەیوەندیی جیاوازە لە بوارە جیاوازەکاندا.
لە کۆنفرانسەکەدا کەنعانی بانگەوازێکی ئاراستەی رافایل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کرد کە وتبووی “هەر وڵاتێکی هەوڵی پیتاندنی یۆرانیۆم بدات بە رێژەی لەسەدا 60، ئامانجی سەربازیی هەیە” و وتی، “سەرجەم تۆمەتەکانی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پرۆفیشناڵ نین. داوا دەکەین بنەمای بێلایەنیی خۆی بپارێزێت و خۆی لە لێدوانی سیاسی بەدوور بگرێت. پێویستە رێز لە بنەمای بێلایەنی بگیرێت و وەڵامی نیەتپاکی ئێران بداتەوە”.
لە کۆتاییدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لەوەکرد کە عێراق رۆلێکی بەرچاوی گێڕاوە لە دیدارەکانی نێوان ئێران و سعودیە و تاوەکو ئێستا پێنچ گەری جیاواز ئەنجامدراوە لە نێوان هەردوو وڵات و ئەنجامی باشی هەبووە.