وەزارەتی تەندروستی عێراق، ژمارەی حاڵەتەکانی “تای خوێنبەربوون”ـی راگەیاند، سێ رێوشوێنیشی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئه‌و نه‌خۆشییه دیاریكرد و داواش لە ھاووڵاتیان ده‌كات بەهۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ گۆشتدا بکەن.
ریاز ئەلحهلهفی، بەڕێوەبەری گشتی لەوەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، ژمارەی حاڵەتەکانی توشبوون بە “تای خوێنبەربوون ” بەردەوام لە زیادبووندایە و تا ئێستا ژمارەیان له گشت پارێزگاكانی عێراق گەیشتووەتە نزیکەی 24 کەس.
ئەلحهلهفی راشیگەیاند، “چه‌ند هه‌نگاوێك هه‌ن بۆ کەمکردنەوە و رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی “تای خوێنبەربوون”، ئه‌وانیش ڤێتێرنەرییەکان هەڵمەتێکی بەرفراوان بۆ رشاندنی شوێنی پیسی ئاژەڵان و ماڵی کەسی تووشبوو ئەنجامبدەن، جگە لە پرۆسەی لەناوبردنی ئەو ھۆکارانەی کە نەخۆشیەکە دەگوازێتەوە، وەک كوولـله و مێش و بەم جۆرەش کۆتایی بە زنجیرە گواستنەوەکە دێت”
هه‌روه‌ها وتی، “هه‌نگاوێكی دیكه بۆ رێگریكردن له بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشییه ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی وەزارەتی ناوخۆ بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی جووڵەی ئاژەڵان لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیكه، بۆ ئەوەی نەخۆشییەکە بڵاو نەبێتەوە”.
ریاز ئەلحلفی داوای لە خانمانی ماڵەوە کرد، “رێوشوێنی ته‌ندروست لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ گۆشتدا بگرنەبەر و ئاگاداری بڕینی دەستیان بن و لەکاتی مامەڵەکردنی گۆشتدا، هه‌روه‌ها دەستکێش لەدەست بکەن و دەستیان لە چاویان بەدوور بگرن”.
روونیشیکردەوە،”هیچ ترسێک لە گۆشت نییە ئەگەر بچێتە ناو چێشتلێنان، چونکە ڤایرۆسەکە لە پلەی گەرمی بەرزدا دەمرێت”.