بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، نزیکەی 100 قوتابی، لە یەک قوتابخانەی شاری سلێمانی بەهۆی سکچوون و رشانەوەوە، سەردانی نەخۆشخانەی منداڵانیان کردووە.
لە راگەیەندراوێکیدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە (22ی ئەیلوولی 2022) بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بەوەداوە، ” لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، نزیکەی 100 قوتابی، لە یەك خوێندنگا لە شاری سلێمانی، سەردانی نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانیان کردوە، بەهۆی حاڵەتەکانی سکچوون و رشانەوە”.
تەندروستی سلێمانی دەڵێت، لەلایەن سەباح نەسرەدین بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانیەوە، لیژنەیەکی تایبەت لە (چاودێری تەندروستی، یەکەی ئاو، تەندروستی خوێندنگاکان) راسپێردراوە، تا راستەوخۆ بەدواداچوون بکەن بۆ دۆزینەوەی نموونەی خۆراک و ئاو و ئەنجامدانی پشکنینی تاقیگەیی.