رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) رایگەیاند، بڵاوبوونەوەی پەتای ئاوڵەی مەیموون خێرا بووە و ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوونی هەفتانە لە سەر ئاستی جیهاندا سەدا 20 زیادیکردووە.
بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیھانی، تیدرۆس ئادھانۆم گیبریسیۆس لە میانی گۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لە ناوەندی رێکخراوەکە لە جنێڤ ئەنجامیدا هەڵسەنگاندنی بۆ دوایین پێشهاتەکانی پەتای ئاوڵەی مەیموون ئەنجامدا.
گیبریسیۆس ئاماژەی بەوە کرد کە لە سەرەتای ساڵەوە بۆ ئێستا لە 93 وڵات حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموون دەستنیشان کراوە و لە 16ی ئابەوە کۆی گشتیی ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە 36 هەزار و 412 حاڵەت تۆمار کراوە و 12 کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
بەڕێوەبەری گشتیی WHO، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە زۆرترین حاڵەت لە ماوەی هەفتەی رابردوودا تۆمارکراوە و جەختی لەوە کردەوە کە لە ماوەی حەوت رۆژی رابردوودا نزیکەی حەوت هەزار و 500 حاڵەتی نوێ تۆمارکراوە و ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوونی هەفتانە سەدا 20 زیادیکردووە.
تیدرۆس ئادھانۆم گیبریسیۆس ئەوەشی خستەڕوو کە ئەگەری هەیە ڤاکسینەکانی دیکەی ئاوڵە کە لە بەردەستدایە کاریگەری لەبەرامبەر ئاوڵەی مەیموون هەبێت بەڵام ئامارەکانی سەبارەت بە دابینکردن و رێژەی کاریگەرییان زۆر سنووردارە.