گونەش ئۆنورمە، کە لە قەزای مەسودیە لە پارێزگای ئۆردو دەژی، لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا بەشداری کرد لە تاقیکردنەوەی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵادا.
بەمەبەستی تەواوکردنی خوێندن کە لە وازی لێ هێنابوو، ئۆنورمە لە ساڵی ٢٠١٣دا سەردانی ناوەندی خوێندنی گەلی کرد لە مەسودیە و سەرەتا خۆی فێری نووسین و خوێندنەوە کرد، پاشان بڕوانامەی بنەڕەتی و ناوەندی بەدەستهێنا و بۆ دوایین جاریش لە مانگی کانوونی دووەمدا بڕوانامەی دوا ناوەندی وەرگرت.
ئۆنورمە کە سەردانی ناوەندی تاقیکردنەوەی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا کرد، لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی تاقیکردنەوەکەوە هەست بە جۆش و خرۆشێکی زۆر دەکات و هەستێکی زۆر خۆشی هەیە کە تا ئەم قۆناغە هاتووە.
وتیشی, ” بە چوونە تاقیکردنەوەکە گەیشتم بە ئامانجەکەم، دەمەوێت ببمە نموونە بۆ هەمووان کە خوێندن تەمەنی بۆ نییە. وتم بە دڵنیاییەوە دەچمە تاقیکردنەوەی زانکۆ ئەوەتا ئەمڕۆ لێرەم پشتیوان بەخوا سەرکەوتوو دەبم”.
ئۆنورمە باسی لەوە کرد کە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ دەرچوون لە تاقیکردنەوەکەدا و، هەمان جۆش و خرۆشی گەنجانی هەیە دڵخۆشە کە بەشداری دەکات لە تاقیکردنەوەدا لەگەڵیاندا.
گونەش ئۆنورمە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر لە تاقیکردنەوەکەدا دەرچێت ئامادەکاری دەکات بۆ خوێندن لە کۆلێجی هونەرە جوانەکاندا و، وتی: ”من زۆر حەزم لە هونەرە. هەر لە سەرەتاوە حەزم لە خوێندن بوو لە کۆلێژی هونەرە جوانەکاندا. پشتیوان بە خوا بەپێی ئەو نمرەیەی بەدەستی دەهێنم ئەوە دەردەکەوێت”.
ئۆنورمە ئامۆژگاری گەنجانی کرد و رایگەیاند، ”با هەموو بخوێنن. خوێندن زۆر خۆشە. من بە خوێندن خۆم زیاتر پێشخست. لە مەسودیە زۆرێک لە گەنجان کە منیان دەبینی دەستیان بە خوێندن کرد. هەندێ لە گەنجان کاتێ دەیان بینیم دەیانگوت دوای بینینی ئێوە ئیرادەمان زیادی کرد”.
گونەش ئۆنورمە کە خاوەنی ١٨ نەوەیە لە پاش لێدوانەکانی چووە ناوەندەکە و لە پاش کۆنترۆڵی ناسنامە چووە هۆڵی تاقیکردنەوەوە.