تەسبیح کەلتوورێکی دێرینی مرۆڤایەتی…

تەسبیح کەلتوورێکی دێرینی مرۆڤایەتی…

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:45
تەسبیح کەلتوورێکی دێرینی مرۆڤایەتی…
0

لایک

تەسبیح، لە کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەکو کەلتوڕێکی کۆن تا ئەمڕۆ بەکار دەهێندرێت و لەلایەن کەسانی گەنج و پیرەوە بەردەوام خواستی لەسەرە.

 

 

تەسبیح بەر لە زایین

 

مێژووی تەسبیح دەگەڕێتەوە سەردەمی پێش زایین. سەرچاوە مێژووییەکان باس لەوەدەکەن کە لەو سەردەمەدا کاتێك راوچییەکان ئاژەڵێکیان راودەکرد، ددانەکانیان بە پەت ریز دەکرد و شاخەکانیشیان لەگەڵ دادەنا و لەملیان دەکرد. لای ئەو کەسانە لەملکردنی ئەم جۆرە تەسبیحە واتای ئەوەی دەدا کە ئەوان بەهێزن و دەتوانن راوی ئاژەڵی کێوی زیاتر بکەن.

 

دواتر بیرۆکەکە گۆڕا و هەر لە سەردەمی پێش زایین، وابیر دەکرایەوە کە دووریان دەکات لە کێشە و مردن. بەو مەبەستە بەردەوام گرنگییان بە درووستکردنی ئەو تەسبیحانە دەدا و بەردەوام وەکو ملوانکە لە ملیان دەکرد یاخود وەکو دەستبەند لە دەستیان دەکرد.

 

تەسبیح لە ئاینەکانی هیندستاندا

 

لە رابردوودا بەکارهێنانی تەسبیح لە ئاینە جیاوازەکانی هیندستان باوبوو. هەرچەندە ئەوانیش هاوشێوەی مرۆڤەکانی پێش زایین، بە هەمان کەرەستەکان تەسبیحیان دروست دەکرد و بەکاریان دەهێنا، بەڵام ئەوان بە جۆرێکی دیکە بڕوایان پێ هەبوو و لە پەرستشەکانیاندا تەسبیحی جۆراوجۆریان بەکار دەهێنا. دواتر بەهۆی دەوڵەمەندی وڵاتی هیندستان لە بەردی بە نرخ و رەنگی جیاواز، تەسبیحیان بە بەردی سروشتی جۆراوجۆر دروست دەکرد.

 

تەسبیح لە سەردەمی مەسیحییەتدا

 

کاتێک سەیری سەرچاوە مێژووییەکان دەکەین دەبینین کە تەسبیح لە ئاینی مەسیحیشدا بەکار هاتووە. ئەوەش واتای ئەوەیە کە تەسبیح کەلتوورێکی جیهانییە. مەسیحییەکان بە تایبەتی کاسۆلۆکییەکان بەردەوام تەسبیحیان بەکار دەهێنا. چەند نزایەکی تایبەتیان هەبوو کە بە تەسبیح دەیانخوێندەوە. نزایەکە بە “سڵاو لە تۆ ئەی خۆشەویسترین بەندەی خودا مەریەم…” دەستی پێدەکرد و ١٠ جار ئەو نزایەیان دووبارە دەکردەوە. بۆ ژماردنی نزاکان تەسبیحیان بەکار دەهێنا. هەروەها بڕوایان وابوو کە بەکارهێنانی تەسبیح لە کاتی نزا کردندا دەبێتە هۆی زووتر قبوڵ بوونی نزاکە.

 

تەسبیح لەجیهانی ئیسلامیدا

 

تەسبیح لەلای موسڵمانان پێگەیەکی تایبەتی هەیە. هەرچەندە تەسبیح لە سەردەمی پێغەمبەر محەمەد درودی خودای لەسەر بێت، بەکار نەهاتووە، بەڵام موسڵمانان بە گشتی تەسبیح بەکار دەهێنن. پێغەمبەری ئیسلام لە دوای هەموو نوێژەکان زیکری ئەنجام دەدا ئەو زیکرانە وەکو سوننەتێکی ئەو تا ئێستاش نوێژخوێنەکان ئەنجامی دەدەن. لەو سەردەمەدا تەواوی زیکرەکان بە پەنجەکانی دەست هەژمار دەکران. بەڵام لەبەر ئەوەی زۆربەی ئەو وشانەی وەکو زیکر دەوتران پێویست بوو ٣٣ جار دووبارە بکرێتەوە، ژماردنی هەندێکجار هەڵەی تێدەکەوت. بەم هۆیەوە لەسەردەمی ئەبوبەکری سدیق، هاوەڵی پێغەمبەر و یەکەم خەلیفەی موسڵمانان رەزای خودای لەسەر بێت، بەکارهێنانی تەسبیح داهێندرا.

 

لە سەردەمی ئەبوبەکردا تەسبیحیان لە ناوکی خورما دروست دەکرد و بۆ زیکرەکانی دوای نوێژ بەکاریان دەهێنا. هەر لەو سەردەمەوە تەسبیح بووە یەکێک لە باوترین کەلتوورەکانی جیهانی ئیسلامی. لە کۆمەڵگای ئیسلامیدا گەنج و پیرەکان بە گشتی گرنگی بە تەسبیح دەدەن. هەر لەبەر ئەوەیە لە ئێستادا تەسبیح جگە لە زیکر کردن، وەکو کەلوپەلێکی جوانکاری دەستی پیاوانیش بەکار دەهێندرێت.

 

شێوازەکانی تەسبیح

 

لە سەردەمی ئێستادا تەسبیح لەرووی ستایل و ماددەوە جیاواز لە سەردەمی ئەبوبەکری سدیق دروست دەکرێت، بەڵام لەرووی ژمارەی دەنکەکانیەوە هەمان ژمارەن. ئەگەر زیاتر روونی بکەینەوە، وەک باسمان کرد تەسبیح لە سەردەمی ئەبوبەکردا بە ناوکی خورما دروست دەکرا. بەڵام ئێستا لە زیو و بەردی گرانبەها، شاخی ئاژەڵ، دار، بەروبوومی رووەکی وەک قەزوان و شوشە و پلاستیکی دەستکرد دروست دەکرێت.

 

ئەگەر سەیری پێکهاتەی تەسبیح بکەین لەرووی شێوەوە دەبینین لە ٣ بەشی سەرەکی پێکدێت؛ ئیمام، دەنکەکان، ناوبڕەکان یاخود جیاکەرەوەکان. هەرچی بەشەکانی سەرەوەی تەسبیحە کە دادەندرێت تەنها بە مەبەستی جوانکاری تەسبیحەکەیە.

 

تەسبیح لە جیهانی ئیسلامیدا ٣ جۆری هەیە باوترینیان ئەو جۆرەن کە لە ٩٩ دەنک پێکهاتوون. جۆری دووەمیان تەسبیحی ٣٣ دەنکیە. جۆری سێیەم کە کەمتر بەکاردێت بەبەراورد لەگەڵ جۆرەکانی دیکە لە ١١ دەنک پێکدێت و تاک ئاراستەیە. واتە بە شێوەی بازنەیی نییە.

 

تەسبیحی ٩٩ دەنکی دوو ناوبڕ یاخود جیاکەرەوەی تێدایە کە تەسبیحەکە بەسەر ٣ بەشی ٣٣ دەنکیدا دابەش دەکات. ئەوەش بۆ ئەوەیە کە نوێژخوێنەکان بتوانن بە ئاسانی لەدوای نوێژ زیکرە ٣٣ییەکانیان بکەن و ژمارەی زیکرەکە بە تەواوی بژمێرن.

 

هەرچی تەسبیحی ٣٣ دەنکی و ١١ دەنکیشە لەسەر هەمان شێواز داهێندراوە کە گونجاو بێت بۆ زیکرەکان، بەڵام زیاتر بە ستایل و بەردی جیاواز دروست دەکرێت و وەکو جوانکاری لەلایەن گەنجانەوە بەکار دەهێندرێت.

نرخی تەسبیح

ئەگەر سەیری نرخی تەسبیح بکەین دەبینین کە لە نێوان چەند سەنتێکەوە تا هەزاران دۆلار دەگۆڕێت. لە ئێستادا گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنی تەسبیح وڵاتی چینە. وڵاتی چین ساڵانە بە ملیۆنان تەسبیحی پلاستیکی و شوشەیی دروست دەکات و هەناردەی سعوودیەی دەکات. لە سعوودیە حاجی و عومرەکاران بە مەبەستی دابەشکردنی وەکو دیاری دەیبەنە وڵاتی خۆیان. نرخی ئەو تەسبیحانە لە چەند سەنتێک تێناپەڕێت.

 

هەروەها سعوودیە یەکێکە لە بەرهەمهێنەکانی تەسبیح. بەهەمان شێوە بۆ دیاری لەلایەن حاجییانەوە دەبرێتە وڵاتانی خۆیان. بەڵام بەهۆی باشی کوالیتی تەسبیحەکانەوە نرخەکانیان لە نێوان دۆلارێک بۆ ٢٠ دۆلار دەگۆڕێت.

 

یەکێکی دیکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەکانی تەسبیح لە جیهان، وڵاتی تورکیایە. تورکیا لە دروستکردنی تەسبیح بە بەردی سروشتی ناوبانگێکی گەورەی هەیە. شێوازی تەسبیحەکانی تورکیا زیاتر لە تەسبیحی ٣٣ دەنکی پێکهاتووە و زۆر جار لەسەر راسپاردەی تایبەت دروست دەکرێن. نرخی تەسبیحەکانیان لە نێوان ٥ دۆلار تا ٣ هەزار دۆلار دەگۆڕێت.

 

تەسبیحی تایبەتیش کە لەلایەن وڵاتانی وەک تورکیا، ئێران، ئیماڕات، هیندستان، ئیتاڵیا… هتد، دروست دەکرێت نرخەکانیان دەگاتە سەدان هەزار دۆلار. ئەو تەسبیحانە لە زێر، ئەڵماس و یاقوت دروست دەکرێن.

 

هەندێکجار نرخی تەسبیحەکان بەپێی تەمەنیان دەگۆڕێت و ئەو تەسبیحانەی کە تەمەنیان سەرووی ٥٠ ساڵە و لە بەردێکی بە نرخ دروست کراون نرخەکانیان دەگاتە هەمان نرخی ئۆتۆمبێڵێکی گرانبەها یاخود خانوویەك. ئەم جۆرە تەسبیحانەش بە زۆری لەلایەن ئیماڕاتی و قەتەڕییەکانەوە دەکڕدرێن.

 

ئامادەکردن: عەلی عەنتەر