پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ تەرمی کەسێکیان لە نزیک گۆڕستانی راپەڕین لە گەڕەکی راپەڕینی قەڵادزێ دۆزیوەتەوە کە “لە رێگەی چوونی بۆسەر کار تەقەی لێکراوە و کوژراوە”.
ئەمڕۆ شەممە 17ـی کانوونی یەکەمی 2022، شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین هەواڵی کوژرانی گەنجێکی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، “لەکاتی چوونی بۆسەر کار لە نزیک گۆڕستانی قەڵادزێ لەسەر شۆفڵەکەی بە دەستڕێژی گولـلە کوژراوە و شوێنی دوو گولـلە بە جەستەیەوە دیارە”.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هاونیشتمانییەکە ناوی (شوان محەمەد مەمەند)ـە، پێنج منداڵی هەیە و دانیشتووی گوندی تەنگژە بووە لە سنووری قەڵادزێ.
جێی باسە، ئەو هاونیشتمانییە لە لیوای 7ـی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دەوامی کردووە. و دوای رووداوەکە هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە.