ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ـی 7ـی 2022، تەرمی ٩ هاووڵاتی عێراقی لە شاری هەولێرەوە بەڕێگەی فرۆکەیەکی تایبەت رەوانەی بەغداد کرا.
هاوکات لە مەراسیمی بەڕێکردندا هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق و فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەربیل ئامادەبوون. هەروەها مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و جومعە عناد، وەزیری بەرگری عێراق لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد پێشوازییان لەو فرۆکەیە کرد کە تەرمەکانی هەڵگرتبوو.

دواجار کازمی چاوی کەوت بە خانەوادەی ئەوانەی کە لەرووداوی تۆپبارانکردنی زاخۆ گیانیان لەدەستدا.

دوێنێ چوارشەممە لە ئەنجامی تۆپبارانێک بۆ ناوچەی گەشتیاری هاوینەهەواری گوندی پەرەخ لە سنووری ناحیەی دەرکار ـی سەر بە زاخۆ، 9 کەس گیانیان لەدەستدا کە گەشیاری باشووری عێراقن و 23 کەسی دیکەش برینداربوون.

حکومەتی عێراق تۆمەتی تۆپبارانکردنی خستەئەستۆی تورکیا، لەبەرامبەردا تورکیا رایگەیاند کە تۆپبارانەکە پەیوەندیی بە ئەوانەوە نییە.

لە ئەنجامی خۆپیشاندان لە چەند شارێکی عێراق لە دژی تورکیا، ئەمرۆ سەرجەم ناوەندەکانی پێدانی ڤیزەی ئەو وڵاتە داخران.