تورکمانێک وەکو راوێژکار لە سەرۆکایەتی هەرێم دەستبەکار دەبێت
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • تورکمانێک وەکو راوێژکار لە سەرۆکایەتی هەرێم دەستبەکار دەبێت

تورکمانێک وەکو راوێژکار لە سەرۆکایەتی هەرێم دەستبەکار دەبێت

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:45
تورکمانێک وەکو راوێژکار لە سەرۆکایەتی هەرێم دەستبەکار دەبێت
0

لایک

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق رایگەیاند، دوو راوێژکار لە پێکهاتەکانی تورکمان و کلد و ئاشور و سریان لە سەرۆکایەتی هەرێم دەستبەکار دەبێت. 

 

لەمیانی لێدوانێکی تایبەت بۆ ئاژانسی تەبا، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ئاماژەی بەوەدا کە لە ماوەکانی رابردوو لە میانی دیدارێکیاندا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق، باسیان لە دانانی راوێژکاری تورکمان و راوێژکاری کلد و ئاشوور و سریان لە سەرۆکایەتی هەرێم کردووە. 

 

لەو بارەیەوە ئایدن مەعروف وتی، “لەمیانی دیدارەکەمان لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم باسمان لە دانانی دوو راوێژکار کرد بۆ کاروباری تورکمان و کلد-ئاشوور-سریان. لەو بارەیەوە جەنابیان پشتگیرییان لەو پێشنیارە کرد. لە ئێستادا کار لەسەر ئەو بابەتە دەکەین. ئاشکرایە کەوا سەرۆکایەتی هەرێم مەرجەعیەتێکی سیاسییە و لە ئاستی سەرۆککۆمار دایە. بوونی دوو راوێژکاری تورکمان و کلد-ئاشوور-سریان پێویستە و هەنگاوێکی گرنگە”. 

 

هاوکات وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان وتیشی، “لە راستیدا سەرۆکایەتی هەرێم بە شێوەیەکی یەکسان نوێنەرایەتی هەموو لایەنەکان دەکات. لەو روانگەیەوە بوونی راوێژکاران دەبێتە هاوکاری بۆ ئەو مەبەستە و لەرووی سیاسی و مەعنەوییەوە سوودێکی گەورەی دەبێت”. 

 

ئایدن مەعروف لەبارەی پێشنیارەکەیانەوە رایگەیاند کە هەنگاوی باشی بڕیوە و وتیشی، “پێشنیارەکەمان گەیشتووەتە قۆناغێکی گرنگ و لە ئێستادا بەدواداچوونی بۆ دەکرێت. لەهەمان کاتدا کاک نێچیرڤان بارزانی پشتگیری لە هەبوونی پێکهاتەکان لە پلە جیاوازەکان و دامودەزگاکان دەکات. بۆیە پشتگیری لە هەبوونی پێکهاتەکان لە سەرۆکایەتی هەرێم دەکات”. 

 

ئەو وەزیرە لەبارەی دەستبەکاربوونی راوێژکاران وتی، “پێشنیارەکە لە قۆناغی گفتوگۆ دایە و لە داهاتوو رەهەندێکی جیاوازی دەبێت و ئەنجامەکەشی ئەرێنی دەبێت. بەر لە کۆتایی هاتنی ئەم خولەی سەرۆکایەتی هەرێم، راوێژکاران دەستبەکار دەبن”. 

 

لەسەر هەمان بابەت، دلشاد شەهاب، راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق لەبارەی تێڕوانینی سەرۆکایەتی هەرێم یاخود خودی سەرۆکی هەرێم بۆ مامەڵەکردن لەنێوان سەرجەم پێکهاتەکان تایبەت بە ئاژانسی تەبا رایگەیاند، “لە ناخی خۆیدا جەنابی سەرۆکی هەرێم بڕوایەکی تەواوی بە پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان و رێزگرتن لە هەموو پێکهاتە ئاینییەکان و نەتەوەییەکان هەبووە، لە سەردەمی سەرۆکوەزیرانیشدا ئەو بڕوایەی رەنگی داوەتەوە”. 

 

ئەو راوێژکارەی سەرۆکی هەرێم وتیشی، “لە سەرۆکایەتی هەرێمیش لە جموجۆڵە سیاسییەکان و کۆبوونەوە فراوانەکاندا جەنابیان پێیان وابووە کە دەبێت پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان تەواوی مافەکانییان پارێزراو بێت کە ئەمەیان مافێکی سروشتی ئەوانە و بەخشین نییە کە کەسێک ماف بە کەسێکی دیکە ببەخشێت یاخود لایەنێک بەهەمان شێوە”. 

 

دلشاد شەهاب دەربارەی بەشداری پێکهاتەکان لە بەڕێوەبردنی وڵات وتی، “بەشداریی پێکهاتەکان لە دامودەزگا فەرمییەکانی هەرێم بەرجەستەیە. لە سەرۆکایەتی هەرێم، پەرلەمان، حکومەت و لە دامەزراوەکانی دیکەش بەشدارن. ئەمەیان تابلۆیەکی جوانی هەرێمی کوردستان نیشان دەدات کەوا هەمووان بەیەکەوە ئامانجی هاوبەشمان هەیە و دوارۆژ و ئایندەی ئەم وڵاتە هی هەمووانە. 

 

 زیا عوزێری

چۆبان تەیمور & عەلی چەلەبی