قایمقامیەتی ماوەت رایگەیاند، توانراوە تەرمی سێهەم گەنجی بێسەروشوێنبووی رووداوەکەی چەمی خەمەڵۆکە کە ناوی کۆسار نەوزادە بدۆزرێتەوە کە 12 رۆژ لەمەوبەر کەوتوونەتە ناو چەمی خەمەڵۆکەوە.
کامەران حەسەن قائیمقامی قەزای ماوەت لە لێدوانێکدا رایگەیاند، ئەو گەنجەی تەرمەکەی دۆزراوەتەوە ناوی کۆسار نەوزادە و سێهەم گەنجی رووداوەکەی 12 رۆژ بەر لە ئێستا کەوتنە ناو چەمەکەوە و تەرمەکانیان بێ سەروشوێن بوو.
بەر لە دوانزە ڕۆژ و لە رۆژی 21ی مانگی ئازاردا کە یەکەم رۆژی نەورۆزبوو، لە گوندی بەر سماق لە سنوری قەزای ماوەت سێ هاوڵاتی خنكان کە دوونیان برا بوون و ئەوەی دیکەش زاوایانە و تەمەنیان لەنێوان ٢٥ بۆ ٣٠ ساڵیدا بوو.
دواتریش زانرا کە گەنجەکان خەڵکی ناوچەی شارباژێر بوون و خزمی یەکتربوون و بەمەبەستی گەشتیاری چووبوونە نزیک چەمەکە و پاش ئەوەی یەکێکیان کەوتووەتە ناو ئاوەکەوە دووانەکەی تر بەمەبەستی رزگارکردنی چوونەتە ناو ئاوەکەوە و هەرسێکیان خنکاون.
ماوەی 12 رۆژە گەڕان بەدوای تەرمەکاندا بەردەوامی هەیە وبەیانی ئەمڕۆ، کامەران حەسەن قائیمقامی قەزای ماوەت رایگەیاند، تەرمی یەکێک لەگەنجەکانی چەمی خەمەڵوکەی ماوەت دۆزراوەتەوە و ئێوارەی ئەمڕۆش تەرمی دوو گەنجەکەی دیکە دۆزرانەوە.