بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەی یاسای هەڵبژاردن رایگەیاند “یاسای هەڵبژاردن رەهەندێکی نیشتمانیی هەیە، دەبێت بە سازان چارەسەر بکرێت و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بە ئاشکرا رایگەیاندووە کە ئەو یاسایە موڵکی هیچ حیزب و لایەنێک نییە”.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 28-4-2022 بافڵ تاڵەبانی لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە ھەولێر (ئەربیل) لەگەڵ نوێنەر، نێردەی دیپلۆماسیی وڵاتانی بیانی، رێکخراو و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان لە ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
بافڵ تاڵەبانی لەبارەی پرسی ھەڵبژاردن رایگەیاند،”زۆرینەی ھێز و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردن و داڕشتنەوەی یاسایەکی نوێدان، بەشێوەیەک کە ‘بوار بۆ ساختەکاری نەمێنێتەوە و تۆماری دەنگدەران پاک بکرێتەوە”.
وتیشی “یاسای هەڵبژاردن رەهەندێکی نیشتمانیی هەیە، دەبێت بە سازان چارەسەر بکرێت و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بە ئاشکرا رایگەیاندووە کە ئەو یاسایە موڵکی هیچ حیزب و لایەنێک نییە و دەبێت بە رێککەوتن و کۆدەنگی نیشتمانیی دەربچێنرێت.”
سەبارەت بە دۆخی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند “ئەو بارودۆخە داراییە بەسەر سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕیندا سەپێنراوە”.
هاوسەرۆکی یەکێتی ئاماژە بەوەش دەدات “بەهیچ شێوەیەک بەرامبەر نادادی، ناشەفافی، قۆرخکاری، جیاکاری و بەهەدەردانی داهاتی گشتی بێدەنگ نابین و هەڵوێست و پەیامی خۆمان لەوبارەیەوە گەیاندووە. پیلاندانان بەرامبەر خەڵکی ئەم سنوورە و دەستبردن بۆ بژێوی ژیانی خەڵکەکەی هێڵی سوورە.”
بافڵ تاڵەبانی راشیدەگەیێنێت، “خەڵکەکەمان گلەیی و داواکارییەکانیان ئاڕاستەی ئێمە دەکەن و ئێمەش بەرامبەر ئەو دۆخە بێدەنگ نابین و هەموو ئەگەرەکان لەبەردەمماندا کراوەیە.”
بافڵ تاڵەبانی لەبارەی پرسی غاز و هەناردەکردنی وتی “دەبێت گرێبەست و شێوازەکەی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان روونبکرێتەوە و نامانەوێت مەینەتییەکی دیکە بەسەر هەرێمەکەماندا بهێنین. بە شەفافی کار لەسەر ئەم کەیسە بکرێت و هاووڵاتییانی کوردستان بەشێکبن لە پرۆسەکە.”
راشیگەیاند “هەموو هەوڵێکیش لە دەرەوەی ئەم داواکارییانە، ئەوا روون و ئاشکرا رایدەگەیەنم کە دەبێت بەسەر لاشەی بافڵ جەلال تاڵەبانیدا بۆری غاز هەناردەی دەرەوە بکرێت. بێدەنگی و شەرمەزاری هەڵنابژێرم.”