ساماڵ عەبدولڕەحمان، لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمریکای وتی، “بەپێی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق، لە مانگی کانونی دووەمی 2023 وە دەبێت لە 50% داهاتی خاڵە گومرگیەکانی هەرێم بدرێن بە حکومەتی ناوەند، واتە نیوەی داهاتە فیدراڵییە نانەوتییەکان ڕاستەوخۆ دەدرێن بە ناوەند”.
بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم رایگەیاند، “بۆ هەموو ئەو داهاتانە بودجەی مراجعەیان هەیە، بەپێی ئەو بودجەیە هەموو داهاتەکانی تێدا تۆمار کراون، ئەوان لای خۆیان تۆماری دەکەن کە بودجەی مانگانە دەنێرن بۆ هەرێمی کوردستان 50% ی ئەو داهاتەی لێ دەردەکەن، ئەمە بە شێوەی (مقایضە)یە بۆ نمونە ئەو بودجەیەی کە دەینێرن ئەگەر 100 ملیار دینار بێت ئەوان دەچن 900 ملیار دینار دەنێرن”.
ئاماژەی بەوەشدا، “داهاتی خاڵە گومرگییەکان (دەروازەکانی هەرێم) مانگانە لە نێوان 110 – 130 ملیار دینارە، لەبەرامبەر رادەستکردنی ئەو داهاتانە، ئێمەش داهاتمان بۆ دێت، بۆیە ئەمە حاڵەتێکی ئاساییە و بۆ هەموو عێراقە و تەنها بۆ هەرێمی کوردستان نییە، هەر هاووڵاتیەکی عێراقی قازانج دەکات، چونکە بەشێک لەو داهاتەی ئێمەش بەشدار دەبێت لە دروستبوونی ئەو بودجەیەی لە عێراقدا هەیە”.
وتیشی، “حکومەتی ناوەند پشتی بە یاسای دەروازە سنورییەکان بەستوە و بەوە دەیەوێت کاربکات بۆئەوەی هەموو دەروازە سنورییەکان بخرێنە سەر ناوەند، بەڵام ئێمە تێبینی و سەرنجمان هەیە لەسەر ئەو یاسایە، بۆیە هەتا ئێستا بەبێ چارەسەری ماوەتەوە”.
سەبارەت بەوەی، ئایا ئەگەری هەیە هاوشێوەی دۆسیەی نەوت ڕۆژێک عێراق دەستبگرێت بەسەر خاڵە گومرگی و سنورییەکانی هەرێم؟، ساماڵ عەبدولڕەحمان باسی لەوەکردوە، “من بە دوری دەزانم، چونکە ڕێککەوتنەکان جارێکی تر ئاسۆیەکی کردەوە لە بەردەم هەرێم و ناوەنددا کە بە لێکتێگەیشتن کێشەکان چارەسەر بکرێن، بۆیە بە دوری دەزانم بەو شێوازە بێت، بەڵام ڕێککەوتن دیارە دەکرێت لەوانەیە وا بخوازێت کە ئێمە بە هاوبەشی سیاسەتی گومرگی و دەروازەکان بەڕێوە ببەین، ئایندە ئەوە رووندەکاتەوە”.