وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، کەریم کازم، بەڕێوەبەری گشتی هێڵی ئاسمانی عێراقی بەبڕیارێک لە پۆستەکەی دوورخستەوە و بریکاری وەزارەتی گواستنەوەش خرایە ئەو پۆستە بە وەکالەت.
بەگوێرەی نوسراوێکی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق کە ئەمڕۆ پێنجشەممە دەرچووە، بڕیاری دوورخستنەوەی کەریم کازم، بەڕێوەبەری گشتی هێڵی ئاسمانی عێراق لە کارەکەی دەرچووە و بەشێوەیەکی کاتیش تاڵب عەبدوڵا بایش، بریکاری وەزارەتی گواستنەوە بۆ کاروباری هونەری ئەرکی سەرپەرشتیکردنی هێڵی ئاسمانی عێراقی بە وەکالەت پێ سپێردراوە.
بەگوێرەی بڕیارەکە پێداچوونەوە بە هەموو بڕیارە وەزارییەکاندا دەکرێت کە لە 20ـی ئابی ئەمساڵەوە تاکو ئەمڕۆ دەرچوون و پەیوەست بوون بە گواستنەوە و دامەزراندن لە هێڵی ئاسمانی عێراق.
بڕیارەکەی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دوای ئەوەدێت، ئەمڕۆ لە زۆرینەی نووسینگەکانی هێڵی ئاسمانی عێراق لە بەغداد و پارێزگاکانی دیکە، کارمەندان مانگرتنیان راگەیاند و داوایانکرد بەڕێوەبەری گشتی هێڵەکەیان لەکار دووربخرێتەوە.