بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی بەغداد-رەسافە، رایگەیاند بەهۆی ئەو شەپۆلی خۆڵبارینەی شارەکەی گرتووەتەوە، کەسێک گیانی لەدەستدا و زیاتر لە 1500 کەسیش گەیێندراونەتە نەخۆشخانەکان.
وتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق راشیگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی شەپۆلی خۆڵبارین لە هەرێم و ناوەڕاستی عێراق کۆتایی دێت، بەڵام لە ناوچەکانی باشوور بەردەوامی دەبێت.
عامر جابری، وتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق، سەبارەت بەو شەپۆلە خۆڵبارینەی کە هەرێم و ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقی گرتووەتەوە رایگەیاند، “ئەو خۆڵبارینەی لە دوێنێ پێنجشەممەوە عێراقی گرتووەتەوە بەهۆیەوە سەرانسەری وڵات کەوتووەتە ژێر کاریگەریی دوو باڕستەهەوای بەرز و نزمەوە لە هەردوو دەریای ناوەڕاست و سوور. جیاوازیی پلەی گەرمای هەردوو باڕستەهەوایەکە، خۆڵبارینی دروستکردووە”.