بەهۆی خواردنەوەی کحولی ساختەوە لە رۆژهەڵاتی هیندستان، لایەنی کەم 31 کەس گیانیان لەدەستدا.
لە شارۆچکەی سارانی سەربە ویلایەتی بیهار، سێ کەس بە تۆمەتی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی خواردنەوەی کحولی ساختە دەستبەسەر کران.
بەگوێرەی هەواڵی راگەیاندنەکانی هیندستان، بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە بەهۆی خواردنەوەی کحولی ساختەوە 31 کەس گیانیان لەدەستداوە، 20 کەسی دیکەش بە هەمان هۆکار براونەتە نەخۆشخانە و بەشێکیشیان بیناییان لەدەستداوە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە لە ساڵی 2016ەوە بەرهەمهێنان و فرۆشتنی خواردنەوەی کحولی لە ویلایەتی بیهار، قەدەغە کراوە.
پێشتریش لە مانگی تەمووزدا 39 کەس لە ویلایەتی گوجارات، بەهۆی خواردنەوەی کحولی ساختەوە گیانیان لەدەستدابوو.
هەروەها لە ساڵی 2019دا لە ویلایەتی ئاسام، 133 کەس و لە ویلایەتی ئوتار پرادێش، 80 کەس بە هەمان هۆکار گیانیان لەدەستدابوو.
لە مانگی ئابی ساڵی 2020یشدا بەهۆی خواردنەوەی کحولی ساختەوە 86 کەس گیانیان لەدەستدابوو.