درەنگانی شەوی رابردوو لە گوندی گۆرۆنی سەر بە قەزای چۆمان، شوانکارێک بەهۆی پێداتەقینەوەی مین گیانی لەدەست دا.
بەرێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی هەولێر(ئەربیل) رایگەیاند، هاووڵاتییەک کە پیشەی شوانکاری بووە، لە گوندی گۆرۆنی لە سنووری قەزای چۆمان مینێکی پێداتەقیوەتەوە و راستەوخۆ گیانی لەدەست داوە.
بە پێی زانیاریەکانی بەشی هاریکاری قوربانییانی مین لە بەڕێوەبەرایەتییەکە، بەرکەوتووەکە ناوی (عەلی عەبدولڕەحمان) بووە و تەمەنی 50 ساڵە و خێزاندارە، ناوبراو خەڵکی گوندی گەرۆک بووە لە سنووری قەزای ئاکرێ، کە بە مەبەستی کاری ئاژەڵداری لەگەڵ خانەوادەکەی روویان لە ناوچەکە کردووە.