بەشە خۆراکی مانگانە بەشێوەی ئەلیکترۆنی دابەشدەکرێت

بەشە خۆراکی مانگانە بەشێوەی ئەلیکترۆنی دابەشدەکرێت

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:42
بەشە خۆراکی مانگانە بەشێوەی ئەلیکترۆنی دابەشدەکرێت
0

لایک

ئه‌مڕۆ دووشەممە، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و شاندێكی بەرنامەی خۆراكی جیهانی WFO رەوشی ئاسایشی خۆراكی و بە ئەلیكترۆنیكردنی سیستەمی دابەشكاری بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییانیان تاوتوێ كرد.

كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی پێشوازی کرد لە شاندی بەرنامەی خۆراکی جیهانی WFO کە پێکهاتبوون لە ئیکرام ئەلهونی، جێگری بەڕێوەبەری بەرنامەی خۆراکی جیهانی و عەدیلە خالید، بەرپرسی پاراستنی کۆمەڵایەتی و مەنسوور رەسول، لە تیمی تەکنیکی بەرنامەی خۆراکی جیهانی، کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی سەروەر كەمال هاواری، بریكاری وەزارەت بۆ كاروباری بازرگانی و بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی بەڕێوە چوو.

بە وردی باس لە ستراتیژ و پرۆژەكانی بەرنامەی خۆراكی جیهانی بۆ هەرێم کرا، كە بریتی بوون لە گۆڕینی سیستەمی دابەشكردنی بەشە خۆراكی هاووڵاتییان بۆ شێوازی ئەلیكترۆنی لە رێگەی دروستكردنی داتابەیسێكی تایبەت بە زانیاری لەسەر هاووڵاتییان تا بتوانرێت لیستی ئەو كەسانە جیابكرێتەوە كە لە هەرێم ناژین یان ئاستی بژێویان بە جۆرێكە پێویستیان بەو بەشە خۆراكە نییه‌.

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی لای خۆیەوە ئاماژەی بە رەوشی خراپی خۆراک و كێشە و گرفتەكانی هاووڵاتییان لەبارەی كوالێتی کرد و جەختی لەوەکردەوە کە بڕی ئەو خۆراكەی كە مانگانە دەگاتە دەستیان، لە چوارچێوەی بەرنامەی خۆراكی جیهانی دابین دەکرێت.

هاوكات پێشنیاری بۆ شاندی میوان كرد كە بتوانن هاوكاری كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵی ناوخۆیی بكەن بۆ كارئاسانی بەدەستهێنانی پێداویستییە خۆراكییەكان لە ناوخۆ، لای خۆیانەوە شاندەكە پێشنیارەكەیان بە گونجاو زانی و پێیان وابوو بیرۆکەکە دەتوانێت هاوكاری باشبێت بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكانی ئەوان لە ناوچە جیاوازەكان.