سەرۆککۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، حوزەیرانی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار بەرێوەدەچێت و خۆیشی وەکو کاندیدی هاوپەیمانیی کۆماری بەشداریی هەڵبژاردنەکان دەکات.
لەمیانی پێشکەشکردنی وتارێک لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی راوێژکاری لقی ئیزمیری پارتی داد و گەشەپێدان، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەکرد کە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئەو وڵاتە لە ناوەندی مانگی حوزەیرانی ساڵی 2023 ئەنجام دەدرێت.
هاوکات ئەردۆغان وتی، “لە 20 ساڵی رابردوودا پێکەوە توانیمان خزمەتی گەورە بە وڵاتەکەمان بگەیەنین، بەهەمان شێوە لەگەڵ ئێوە تورکیای گەورە و بەهێز بنیات دەنێین. باوەڕم وایە ئیزمیر دەبێتە یەکەم خاڵی درەوشانەوەی تورکیای گەورە”.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەکرد کە هەمیشە کەماڵ کلچدارئۆغلو، سەرۆکی پارتی کۆماریی گەلی تورکیا باسی هەڵبژاردن دەکات و هەوڵی زانینی بەروارەکەی دەدات، وتیشی، “وەرە زیاتر ئازاری پارتەکەت مەدە، یان خۆت کاندید بکە یانیش کاندیدی خۆت دیاری بکە، سیاسەت بوێری دەوێت”.
سیستەمی دەسەڵاتداریی سەرۆککۆمار لە 16ـی نیسانی ساڵی 2017 بە ئەنجامدانی ریفراندۆمێک لە تورکیا پەسەندکرا. دواتر لە 9ـی تەمموزی ساڵی 2018ـدا خرایە بواری جێبەجێکردنەوە. سیستەمەکە جۆرێکە لە حوکمڕانیی وڵات و دوای هاتنی سیستەمەکە، تورکیا لە قۆناغی سیستەمی پەرلەمانتاری و سەرۆکوەزیران دەرچوو.
بەپێی ماددەی 8ـی دەستووری تورکیا، دەسەڵاتی جیبەجێکردن لەلایەن سەرۆککۆمارەوە بە پشتبەستن بە یاساکانەوە بەڕێوەدەبردرێت. لەگەڵ دەستپێکردنی ئەو سیستەمە، بەشێک لە دەسەڵاتەکانی پەرلەمانی تورکیا بۆ سەرۆککۆمار گوازرایەوە. لە هەڵبژاردنەکانیشدا سەرۆککۆمار لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوای گۆڕانکاری لە سیستەمی حوکمڕانی ئەو وڵاتە لە ساڵی 2018دا بۆ دووەم جار بوو بە سەرۆککۆماری تورکیا، پێشتر لە ساڵی 2014 وەکو سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە هەڵبژێردرابوو بەڵام بە فیعلی سیستەمی دەسەڵاتداریی سەرۆککۆمار نەخرابووە بواری جێبەجێکردنەوە.
بۆیە هەڵبژاردنی ساڵی داهاتوو لەرووی تەکنیکییەوە دووەم جاری رەجەب تەیب ئەردۆغان دەبێت وەکو کاندید بۆ ئەو پۆستە.