بەرھەم ساڵح، سەرکۆماری عێراق رایگەیاند، “گرنگە پەیوەندییەکانی عێراق و بەریتانیا پتەوتر بکرێن”.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاوی کردەوە کە بەرھەم ساڵح لە کۆشکی سەلام لە بەغداد پێشوازیی کرد لە مارک برایسۆن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق.
لە دیدارەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات لە بوارە جیاجیاکاندا، بەئاراستەی رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی تیرۆر، ئابووریی، لەناوبردنی گەندەڵی، پاراستنی ژینگە و بەرنگاربوونەوەی گۆڕانی ئاووھەوا.
ئاماژە بەوەش دراوە، بەگرنگییەوە باس لە پرسە ھەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان کراوە و جەختکراوەتەوە لە پێویستی پشتیوانییکردن لە دیالۆگ و بەیەکگەیشتن لە پێناو کەمکردنەوەی گرژییەکان و کۆتایی ھێنان بەقەیرانەکانی ناوچەکە و ھەنگاونان رووەو چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە.