بەرهەم ساڵح پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی ئەنجامدا

بەرهەم ساڵح پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی ئەنجامدا

بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران ئەنجامدا.

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:45
بەرهەم ساڵح پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی ئەنجامدا
0

لایک

رەئیسی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا رایگەیاند، وڵاتەکەی پاڵپشتی یەکێتی خاکی عێراق و بەهێزکردنی رۆڵی لە ناوچەکە دەکات و جەختیشیکردەوە نەبوونی ئاسایشی عێراق زیان بە ناوچەکە دەگەیەنێت.

بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی ئیرنا، رەئیسی، پیرۆزبایی هاتنی مانگی رەمەزانی کردووە و رایگەیاندوە، کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانی یەکێتی خاکی عێراق و ئاسایشەکەی و بەهێزکردنی رۆڵی لەناوچەکەدا دەکات.

هاوکات رونیشیکردوەتەوە، پێویستە هاوکارییەکی باش لەنێوان هەردوو وڵات هەبێت بەمەبەستی بەدیهێنانی سەقامگیری لەناوچەکەدا، چونکە خراپی دۆخی ئەمنی عێراق زیان بە ناوچەکەش دەگەیەنێت.

هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆککۆماری ئێران وتوویەتی، “پاڵپشتی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز دەکەین لەعێراقدا”.

لای خۆشییەوە بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق دووپاتیکردەوە، پەیوەندی و هەماهەنگی هەردوو وڵات زیاتر بکرێت بەئامانجی بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی گەلی هەردوو وڵات و هاوکات جەختی لە رۆڵی ئێران کردەوە لە بەدیهێنانی ئاسایشی ناوچەکە.

راشیگەیاندووە، چارەسەری کێشە هەرێمییەکانی ناوچەکە تەنها بە گەڕانەوە بۆ ئیرادەی گەل و بەدوور لەدەستوەردانی دەرەکی دەبێت.

هەر لەو پەیوەندییەدا سەرۆککۆماری عێراق داوای لە هاوتا ئێرانییەکەی کردووە، پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان بەغداد و تاران فراوانبکرێت و توانا ئابوورییە هاوبەشەکان بەگەڕبخرێن لەپێناو بەرژەوەندی گەلی ئێران و عێراق.