بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق، پێشوازی لە ئەلێکسندەر بۆرڤجینکۆڤ، ھەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئۆکراینا لە بەغدا، کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاوی کردەوە کە لە دیدارەکەدا، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئۆکراینا و رەوشی رەوەندی عێراقی لە ئۆکرانیا تاوتوێ کراوە.
ساڵح و بۆرڤجینکۆڤ، لە بارەی رەوشی مرۆیی و لێکەوتە ئابوورییەکانی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا بۆسەر جیھانیش گفتوگۆیان کرد.
باسی لەوەش کردووە لە دیدارەکەدا، ئەوە رەتکراوەتەوە کە ھێز و توندوتیژی بۆ یەکلایکردنەوەی ململانێیەکان بەکار بھێندرێت. بەرھەم ساڵح لە دیدارەکەدا رایگەیاندووە “گرنگە بە گفتوگۆ قەیرانەکان چارەسەر بکرێن، بۆ ئەوەی رەوشەکە لەوە زیاتر ئاڵۆزتر نەبێت کە زیانی بۆسەر ئاشتیی و ئاسایشی نێودەوڵەتیی ھەیە، ھەروەھا جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە رێز لە بنەماکانی سەروەریی بیگرێت، هەروەها ھاریکاریی و ھەماھەنگییە نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان پتەوتر بکرێن”.