د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق پیرۆزبایی نامەیەک ئاڕاستەی لیز ترەس، سەرۆکوەزیرانی نوێی بریتانیا دەکات و رایدەگەیەنێت، هیوادارە لەم قۆناغەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات زیاتر بەرەوپێش بچن و کاری هاوبەشی زیاتر لە پێناو بەرقەرارکردنی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا ئەنجام بدرێن.
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردووەتەوە، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی لیز ترەس، سەرۆکوەزیرانی نوێی بریتانیا کرد، بەبۆنەی دەستبەکاربوونی لە پۆستەکەیدا.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە پەیامەکەیدا بەرهەم ساڵح پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی سەرۆکوەزیرانی بریتانیا کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکە نوێیەکەیدا و ئاماژەیکرد بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست و پێویستی پتەوکردنی پەیوەندییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگی هاوبەش لەبوارە جیاجیاکاندا.
سەرۆککۆماری عێراق لە پەیامەکەیدا ئومێدەوارە کە هەماهەنگی دوو لایەنە بەردەوامی هەبێت بە جۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات و گەلی دۆست بکات، هەروەها جەخت دەکاتەوە لە گرنگی بەهێزکردنی کاری هاوبەش لە پێناو بەرقەرارکردنی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا.