بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق جەختدەکاتەوە لە پێویستی پشتبەستن بە دیالۆگی جددی لەپێناو چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی و دانانی نەخشەرێگایەک بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەکان بە ئاڕاستەی بەرژەوەندی وڵات و هاووڵاتیان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی ئابی 2022، د.بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق لە كۆشكی سەلام لە بەغداد پێشوازیکرد لە ژمارەیەک سەرۆک و نوێنەرانی سەندیکاکانی عێراق و لەبارەی بارودۆخی گشتی وڵات و پێشهاتەكان گفتوگۆکرا.
لە دیدارەکەدا سەرۆککۆمار جەختیکردەوە لە پێویستی پشتبەستن بە دیالۆگ و لێکنزیکبوونەوە لە پێناو چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی، لەسەر بنەمای پاراستنی مافی هاووڵاتیان بۆ ژیانێکی باشتر و خۆشگوزەران و دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەکانی سیستمی سیاسی و پارێزگاریکردن لە ئاشتی کۆمەڵایەتی، هەروەها دانانی نەخشەرێگایەک بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکان بە ئاراستەی پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و دڵنیاکردنەوە و هێنانەئاراوەی داوا رەواکانی هاووڵاتیان.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا بەرهەم ساڵح ئەوەشی خستەروو کە بەردەوامی ئەو دۆخەی ئێستا چیتر قابیلی قبوڵکردن نییە و پێویستە جیاوازییەکان تێپەڕینین و رێز لە ئیرادە و خواستی خەڵک و دیموکراسی بگیرێت، هەروەها دووپاتیکردەوە رێز گرتن لە خواستی عێراقییەکان بنەمای سەرەکییە بۆ دەربازبوون لە قەیران و چەقبەستووی سیاسی.
هەر لە دیدارەکەدا سەرۆککۆماری عێراق ئاماژە بە رۆڵی سەندیکا و چالاکییە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکان کرد، بەتایبەتی لەو قەیرانەی ئێستای بەرۆکی وڵاتی گرتووە، هەروەها دووپاتیکردەوە لەگرنگی پاراستنی مافی هاووڵاتیان و ئاسایش و ئارامی وڵات و هەنگاونانی ئاشتیانە رووەو زاڵبوون بەسەر کێشە و ئاستەنگەکاندا.
لە کۆتاییدا بەرهەم ساڵح گوێی لە سەرۆک و نوێنەرانی سەندیکاکان گرت سەبارەت بە دۆخی سیاسی وڵات و رێگاکانی دەربازبوون لەو قەیرانەی ئێستا و پتەوکردنی یەکڕیزی نیشتمانی و پاراستنی بەرژەوەندی هاووڵاتیان و تێپەڕاندنی کێشە و قەیرانەکان.