د.بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، خۆپیشاندانی ئاشتیانە و دەربڕینی بۆچوون مافێکی دەستوورییە، بەڵام پێویست دەکات پابەندی رێکار و چوارچێوەی یاسایی بێت بۆ پاراستنی ئاسایشی گشتی و موڵکی دەوڵەت، بۆیە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات دان بەخۆدا گرتن لەپێناو بەرژەوەندی گشتی بەهەند وەربگرن.
دەقی بەیاننامەکەی د.بەرهەم ساڵح:
جەختدەکەینەوە ئەنجامدانی خۆپیشاندانی ئاشتیانە مافێکی دەستووری پارێزراوە، هەروەها دووپاتدەکەینەوە لە پێویستی پابەندبوون بە پاراستنی ئاسایش و موڵک و ماڵی گشتی و دانبەخۆگرتن و پێشخستنی بەرژەوەندی نیشتمانی لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانی دیکەوە.
هاوکات جەختدەکەینەوە لە یەکخستنی هەڵوێستی یەکگرتووی نیشتمانی و پابەندبوون بە پارێزگاریکردن لە ئارامی و سەرخستنی دیالۆگ و گفتوگۆ و دوورکەوتنەوە لە هەر ئەگەرێک کە کاریگەری بکاتە لەسەر پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی کۆمەڵگا و پێویستی پتەوکردنی هەوڵەکان بۆ هێنانەئاراوەی بەرکەوتە نیشتمانییەکان بە ئاڕاستەی هێنانەدی خواستی خەڵک و چاکسازی گشتی و گەشەپێدان، هەروەها پێکهێنانی دەسەڵاتی کارای کاریگەر کە بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات بپارێزێت و پایەکانی دەوڵەتێکی بە توانا بچەسپێنێت و خواستی گەل بۆ ئایندەیەکی باشتر و گەش بهێنێتەدی.
وڵات بە بارودۆخێکی ناسکی ناهەمواردا تێدەپەڕێت و رووبەڕووی ئاستەنگی جددی بووەتەوە، لەهەمان کاتدا دەرفەتی گەورەی لە پێشە، بۆیە پێویستە هەمووان بە ئاڕاستەی پتەوکردنی یەکڕیزی نیشتمانی و دیالۆگ و پاراستنی دیموکراسی لە وڵات کار بکەین، چونکە گەلەکەمان بۆ چەندین دەیە قوربانی زۆری داوە و رووبەڕووی ستەم و سەرکوتکاری و توندوتیژیی بووەتەوە، ئەمەش ئەوەمان لێ دەخوازێت هەمووان پێکەوە کار بکەین بۆ گەشەپێدان و پێشکەوتنی وڵاتەکەمان.
د. بەرهەم ساڵح
سەرۆک کۆماری عێراق