بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق پەیامێکی پیرۆزبایی بەبۆنەی ساڵی نوێی کوردیی بڵاوکردەوە و تیایدا هیوای خواستووە ئەم نەورۆزە ببێتە خۆشی و ئاسوودەیی بۆ یەکبەیەکی ھاونیشتمان.
دەقی پەیامەکەی سەرۆککۆماری عێراق:
جەژنە، جەژنی کوردستانە، جەژنی نەورۆزە
بەتیشکی ئاگر دەنوسم، جەژنە پیرۆزە
بەبۆنەی ھاتنی نەورۆز و ساڵێکی نوێی کوردی، گەرمترین سڵاوی وەفا و جوانترین چەپکە نێرگزی پیرۆزبایی بۆ گەلی کورد و سەرجەم گەلانی ناوچەکە دەنێرم.
نەورۆز، لەمێژووی دوور و نزیکماندا، رۆژی سەرکەوتنی ئیرادەی چاکەخوازی و ئازادی و دادپەروەییە بەسەر زۆرداراندا. لەم نەورۆزەدا، خۆشی و ئاسوودەیی بۆ یەکبەیەکی ھاونیشتمانیان دەخوازم، بە بەدیهێنانی ماف و داخوازییە رەواکانیان لە ژیانێکی شایستەی دوور لە دڵەڕاوکێی مووچە و سەختی و دەردەسەرییەکانی ئەم ڕۆژگارانە، و با پیکەوە هەموو دڵسۆزان هاوکار بین بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەکان و چیتر ناکرێ خەڵک گیرودەی چاوچنۆکی حوکمڕانی خراپ و بێباکیی لە ئیستا و ئایندەیان بن.
ھەروەک هیوادارین حکومەتێکی نیشتمانی خزمەتگوزار پێکبێت لەچوارچێوەی بەرجەستەکردنی ئیستحقاقە دەستورییەکان، حکومەتێک؛ کە ئەندازەی بەدیھێنانی چاوەڕوانی هاووڵاتیان بێت، دوور لە تاکڕەوی و قۆرخکاری.
لەگەڵ نەورۆزدا، بەوەفاداریەوە یادی شەھیدان، یادی ئەو نەمرانە دەکەینەوە، کە بەخۆین و گیان و ژیانیان، دنیای ئازادی ئێمەیان نەخشاند. درود بۆ ئەو تێکۆشەرانە دەنێرین، کە سەرمایەی خەباتی خۆیان بە پاکژی ھێشتەوە. سڵاو بۆ ئەو لاوە خوێنگەرمانە دەنێرین، کە خەونی ژیانێکی باشتر، دنیایەکی شایستەتر و ئایندەیەکی مسۆگەرتر دەبینن، وەک خوێن لەجەستەیاندا قوڵپەدات و زوڵمی رۆژگار، بێھیوای نەکردوون و بەردەوامن بەرەو ئاسۆیەکی گەش.
دەبا ئەم نەورۆزە، بکەینە رۆژی بەگژداچوونەوەی بەکردەوەی گەندەڵی و تەرخانکردنی داهاتی گشتی بۆ خزمەتی خەڵک و بەدیھێنانی دادپەروەری. بیکەین بەدەسپێکی حوکمڕانیەکی باش بە یەکڕیزی بۆ خزمەتی خەڵک و پاراستنی نیشتمان.
نەورۆزتان پیرۆز، جەژن و خۆشی، پێکەوەژیان و لێبوردەیی، خۆشگوزەرانی و ئارامی، باڵ بکێشێت بەسەر کوردستان و عێراق و ناوچەکە و جیھاندا.
بەرهەم ساڵح
سەرۆککۆماری عێراق