بڕیارە ئەمڕۆ سێشهممه 07-06-2022، لە رێوڕەسمێکدا لە باغی شاری هەولێر(ئەربیل) بەردی بناغەی پڕۆژەی سەنتەری خانمانی خانەنشین دابندرێت.
دانانی بەردی بناغەی ئەم پۆژەیە لەکاتێکدایە تا ئێستا لە سەنتەری خانەنشینانی هەولێر تەنیا پیاوانی خانەنشین مافی ئەندامیەتی یان هەبووە و دەیانتوانی سەردانی سەنتەرەکە بکەن، بەڵام لەمەودوا ئافرەتانیش دەتوانن فۆرمی ئەندامێتی پڕ بكەنەوە و بەشی خانمانی خانەنشین لە سەنتەرەكه دەكرێتەوە و بەشێكی تایبەت دەكرێت بە ئافرەتانی خانەنشین.
سەنتەری خانەنشینانی هەولێر، سەنتەرێكی ناحكومییە قازانج نەویستە و دەکەوێتە نێو باغی شار، كە كۆنترین باغە لە هەولێر و لە ساڵی 1937 لەلایەن خەلیلەفەندی بنیات نراوە، سەنتەری خانەنشینانی هەولێر لە ساڵی 1998 كراوەتەوە و لە چەند بەشێک پێکدێت، جگە لە رێژەیەكی زۆری سەوزایی، هۆڵێكی دانیشتن و پەرتوكخانە و شوێنی تایبەت بە یاری سویدی و بنكەی تەندروستی و مزگەوتی تێدایە، هەموو رۆژێک كاتژمێر حەوتی بەیانی تا بانگی شێوان كراوەیە، ئەو كەسانەی مافی چوونە ژوورەوەشیان هەیە، خانەنشینانن و دەبێت ناسنامەی خانەنشینیانی سەنتەرەکەیان هەبێت.