بەبڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بۆ زیاتر گرنگیدان بە کەرتی گەشتوگوزار و گەشتیاریی لە ھەرێم لە ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزار دەکرێنەوە.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد کە “بەگوێرەی فەرمانێكی حكومەتی هەرێم كە وێنەیەكی ئاراستەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كراوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەسەر میلاكی وەزارەتی شارەوانی بڕیاری دا بە هێنانەكایەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری سۆران، وەک لە بڕیارەكەدا هاتووە ئەم فەرمانە لە ئەمڕۆوە جێبەجێ دەكرێت”.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشدا، “ئەم بڕیارەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم كاریگەری زۆری لەسەر پەرەپێدان و بووژانەوەی سێكتەری گەشتوگوزار لە سنووری ئیدارەی سۆران دەبێت و هەنگاوێكی تری حكومەتی هەرێمە بۆ بایەخدان بە سێكتەری گەشتوگوزار و ئیدارەكە كە بە بەردەوامی ژمارەیەكی زۆر گەشتیاری ناوخۆ و پارێزگەكانی عێراق و بیانی سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانی سنووری سۆران دەكەن”.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمیش جەختیکردەوە کە بڕیاری کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزار، لە هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆ جێبەجێ دەکرێت.