بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران باجی سەر کارتی مۆبایل و ئینتەرنێت هەڵدەوەشێتەوە

بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران باجی سەر کارتی مۆبایل و ئینتەرنێت هەڵدەوەشێتەوە

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:40
بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران باجی سەر کارتی مۆبایل و ئینتەرنێت هەڵدەوەشێتەوە
0

لایک

ئەمڕۆ سێشەممە 22-11-2022، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەنگیدا لەسەر هەڵوەشاندنەوەی 20%ـی باجی سەر کارتی مۆبایل و ئینتەرنێت، بڕیارەکەش لە سەرەتای مانگی داهاتوەوە جێبەجێ دەکرێت.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران کۆبووەوە و چەند بڕیارێکی دەرکرد، لەوانەش دامەزاراندنی فەرمانبەرانی گرێبەستی وەزارەتی کارەبا کە خزمەتیان لە دوو ساڵ زیاترە، لەگەڵ راسپاردنی ئەمینداریەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دەرکردنی رێنمایی پێویست بۆ جێبەجێکردنی یاسای هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازاتی بەرپرسانی دەوڵەت (ژمارە 28ی ساڵی 2019).

یەکێکی دیکە لە بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی باجی سەر کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن و ئینتەرنێت، بەگوێرەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران دانانی باج بەڕێژەی 20% بووەتەهۆی بەرزکردنەوەی نرخی پەیوەندیکردن لەسەر شانی هاووڵاتیان، بۆیە بڕیاردرا لە 01-12-2022ـەوە ئەو باجە هەڵبووەشێنرێتەوە.

پەیوەست بە گەشتکردنی بەرپرسانی باڵای دەوڵەتیش لەئاستی وەزیر، بریکاری وەزیر، بەڕێوەبەری گشتی و راوێژکار، ئەنجومەنی وەزیران رێکاری نوێی پەسەندکرد و بەگوێرەی بڕیارەکەش نابێت گەشتکردنەکە (جگە لە رۆژی گەشت و گەڕانەوە)، ماوەکەی لە دوو رۆژ زیاتر بێت.

سەبارەت بە لابردنی باجیش لەسەر هێڵەکانی پەیوەندیکردن و ئینتەنێت، پێشوتر ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوەی و گەیاندنی حکومەتی هەرێم رایگەیاندبوو، هەرێم داوایکردووە 20%ـی باج لەسەر هێڵەکانی پەیوەندیکردن و ئینتەنێت هەڵبگیرێت، بەپێچەوانەوە ئەگەر ئەو هەنگاوە نەنرێت ئەو باجەی لە کۆمپانیاکانی هەرێم وەردەگیرێت، پێویستە ئەو داهاتە بێتەوە خەزێنەی حکومەتی هەرێم.