پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ جارێکی دیکە خۆپیشاندان لە ناوچەی سەوزی بەغداد دەستیپێکردەوە و بەهۆی مەترسی هێرشی خۆپیشاندەران بۆ ناوی بینای پەرلەمانی عێراق، بیناکە چۆڵکرا.
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان،” پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بەشێک لە هاووڵاتیانی بەغداد بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی لەدژی نەبوونی خزمەتگوزاریەکان بە تایبەت کارەبا، رژاونەتە سەر شەقامەکان و ژمارەیەکیشیان بەرەو ناوچەی سەوز بەڕێکەوتوون.
خۆپێشاندەران کەسانی دانەمەزراو، فەرمانبەرانی گرێبەست و وانەبێژن و لە ناوچەی سەوز خۆپێشاندان دەکەن. هێزە ئەمنییەکانیش لە دەوروبەری بینای پەرلەمان بڵاوبوونەتەوە و رێگری لە چوونەژوورەوەی خۆپێشاندەران دەگرن.
هاوکات، داوا لە فەرمانبەران و ئەو پەرلەمانتارانە کراوە کە لەناوەوەی بیناکەدان بچنە دەرەوە و هەوڵی خۆڕزگارکردن بدەن.
ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە حەوت مانگە هەڵبژاردنە پێشوەختەییەکەی عێراق ئەنجامدراوە، تائێستا نەتوانراوە حکومەت پێکبهێنرێت، لەلایەکی دیکەشەوە هاوڵاتیان بەدەست کەمی خزمەتگوزارییەکانەوە دەناڵێنن، ئەمەش هاوڵاتیانی هێندەی دیکە توڕەکردوە.