ئەمڕۆ دووشەممە، بۆیەکەمجار هێڵی ئینتەرنێتی نیشتیمانی لە کەرکوک خرایەکار کە لەلایەن وەزارەتی پەیوەندییەكانی عێراق سەرپەرشتی دەکرێت و لەرێگەی هەڵكەندن، راكێشانی كێبڵ و دانانی كابینەوە خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی حکومی دەگەیەنرێتە ماڵان.
ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت و بەشێک لە بەرپرسانی حکومەت، یەکەمین ماڵ لە گەڕەكی غەرناتەی شاری کەرکوک هێڵی ئینتەرنێتی نیشتیمانی بۆ دابینکرا، بڕیاریشە لەماوەی ئەمساڵدا خزمەتگوزارییەکە بگەیەنرێتە 10 دە هەزار بەشداربوو و لەماوەی پێنج ساڵیشدا هەموو هاووڵاتیانی کەرکوک لەو خزمەتگوزارییە سودمەند دەبن.
راکان سەعید جبووری، پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت لەبارەی پڕۆژەکە وتی، پشتیوانی لە هەر هەنگاوێکی تەکنەلۆژی پێشکەوتوو دەكەن، ئەوەش لە پێناو خزمەتكردنی هاووڵاتیان، بەتایبەت کە ئەم هەنگاوە بۆ کەرکوک زۆر گرنگە تا “رزگارمان بێت لەو خزمەتگوزارییە هەڕەمەکییە بێ سەروبەرەییەی لەماوەی رابردووەوە تا ئێستا بوونی هەیە”.
پڕۆژەکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت و بەشداریکردنی مانگانەش ئارەزومەندانەیە، ئینتەرنێتەکەی حکومەت بۆ 40 مێگا بۆ هەر مانگێک 45 هەزار دینار لە بەشداربووان وەردەگیرێت، بەشێک لەوانەی بەکاری دەهێنن دەڵێن نرخەکەی گونجاوە چونکە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت مانگانە 2 مێگای ئینتەرنێت بە 35 هەزار دینار دەدەن بە هاووڵاتیان.