بۆچی ئەم جەژنە نەبێتە هۆکاری ئاشتەوایی و کردنەوەی باوەشی پێکەوە ژیان بۆ یەکتر؟
  • TEBA KURDİ
  • بیروڕا
  • بۆچی ئەم جەژنە نەبێتە هۆکاری ئاشتەوایی و کردنەوەی باوەشی پێکەوە ژیان بۆ یەکتر؟

بۆچی ئەم جەژنە نەبێتە هۆکاری ئاشتەوایی و کردنەوەی باوەشی پێکەوە ژیان بۆ یەکتر؟

ئاشتەوایی و پێکەوە ژیان بنچینەی هەموو ئایینە ئاسمانییەکانە بەبێ جیاوازی، بەڵام ئێمە وەکو موسڵمانان پێویستە زیاتر پەرە بەم بایەخە مەزنە بدەین، چونکە لەنێو ئایینی ئیسلامدا چەندین بۆنە بۆ نوێکردنەوە و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان موسڵمانان دیاریکراوە.

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:45
بۆچی ئەم جەژنە نەبێتە هۆکاری ئاشتەوایی و کردنەوەی باوەشی پێکەوە ژیان بۆ یەکتر؟
0

لایک

ئاشتەوایی و پێکەوە ژیان بنچینەی هەموو ئایینە ئاسمانییەکانە بەبێ جیاوازی، بەڵام ئێمە وەکو موسڵمانان پێویستە زیاتر پەرە بەم بایەخە مەزنە بدەین، چونکە لەنێو ئایینی ئیسلامدا چەندین بۆنە بۆ نوێکردنەوە و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان موسڵمانان دیاریکراوە.

جەژن وەکو یەکێک لە بۆنە ئایینیەکان بە گرنگترین هۆکاری ئاشتبوونەوە و پتەوکردنی پەیوەندییەکان دادەنرێت. ئەی بۆچی ئەم جەژنە نەکەینە هۆکارێک بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتەوایی و کردنەوەی باوەشی خۆشەویستی و پێکەوە ژیان بۆ دەوروبەرمان؟!!!

هەرچەندە لەم چەند جیلەی دوایییدا پرسینی خزمان و هاورێیان رووی لە کەمبوونەوە کردووە، بەڵام هەموومان خاسیەتی سەردانیکردنی خزم و ناسیاو و هاوسێکانمان بەپێی توانا لە باوک و باپیرانمان دەبینین و هێشتا بە یادی رۆژگاری رابردوو بە جۆشەوە پێشوازی لە یەکتر دەکەن، بەمەش پەیوەندییەکانیان لە بۆنەیەکی وەکو جەژن نوێدەکەنەوە، دەربڕینی سۆز و دڵخۆشییان بۆ یەکتر بەشێوەیەکی روون لە روخساریانەوە دەبیندرێت.

ئەی ئێمەی گەنجان بۆچی بەردەوامی بەم بایەخە مەزنە ئایینی و کۆمەڵایەتییە نادەین! بۆچی هەوڵ نادەین تاڕادەیەک بەردەوامبین لەسەر رێبازی باوک و باپیرانمان! ئایا چ شتێک بووەتە رێگر لە بەردەمماندا؟

بەرلەوەی کەس تۆمەتبار بکەین، پێویستە سەرەتا لە خودی خۆمانەوە دەستپێبکەین و واز لە داپۆشینی کەم و کوڕییەکانمان بهێنین و هۆکاری ئەم دوورە پەرێزییەمان لە خزم و ناسیاو و هاوڕێ و هاوسێکانمان نەگەڕێنینەوە بۆ دووری ماوەی نێوانمان و کەمی کات و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و چەندین هۆکاری تر کە رێگا خۆشکەرن بۆ داپۆشینی بێ هێزی و تەمەڵی هەتا بۆ بێ وەفایی.

ئەی چۆن دەتوانین بە کەمترین کات زۆرترین کەس و ناسیاومان بەسەر بکەینەوە و دڵیان خۆشبکەین؟

لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا ئێمەی گەنجان هەموو ئاسانکاریێکمان بۆ رەخساوە و دەتوانین بە بەکارهێنانی مۆبایل و ئامێری زیرەک دوورترین ماوە و رێگا و شاخ و کێو بە چەند چرکەیەک ببڕین و بگەین بە کەسە ئازیزەکانمان و بە پرسینی تەندروستی و چەند وتەیەکی شیرین دڵیان خۆشبکەین.

خوێنەری ئازیز، بۆچی تۆش ئەم جەژنە وەکو هەلێک ناقۆزیتەوە بۆ بەستنەوەی ئەو پەیوەندییە پچڕاوانەی رابردوو و دەربڕینی خۆشەویستی بەرامبەر بەو کەسانەی لەیادت کردوون یاخود لە یادیان کردووی؟ ئەم جەژنە بکە بە دەستپێکێک بۆ پێ نان بە کەلە رەقی، چونکە سەروەرمان محمد (د.خ) دەفەرمووێت: “باشترینی ئەو کەسانەی کە لەیەکتر ترازاون ئەوەیانە، کە زووتر ئاشتببێتەوە”.
جا ئێمەش ئەم جەژنە بکەین بە دەستپێکێک بۆ زیندووکردنەوەی ئەم فەرموودە پیرۆزە. چونکە دەکرێت ئەم جەژنە کۆتا جەژنی ژیانمان بێت و شەمەندەفەری ژیانمان نەگاتە وێستگەی جەژنێکی دیکە.