سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دوا بە دوا رەخنەکان لەدژی و دەست لەکارکێشانەوەی ژمارەیەک وەزیری کابینەکەی، ئەمڕۆ بە شێوەیەکی فەرمی دەست لەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند.
لەمیانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند کە دەستی لەکارکێشاوەتەوە و تاوەکو دەستبەکاربوونی سەرۆکوەزیرانێکی نوێ پۆستەکە بەڕێوە دەبات.
هاوکات لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا جۆنسن ئاماژەی بەوەدا کە ئەو بە شانازییەوە کابینەکەی خۆی بەڕێوەبردووە و لە رێگەی سەخت و دژواردا توانیویەتی هەناو بنێت.
شایەنی باسە جۆنسن باسی لەوەشکرد نیگەرانە لە جێهێشتنی پۆستەکەی کە وەک ئەو دەڵێت، “باشترین و دڵخواسترین کاری جیهانە” و سوپاسی هەموو ئەو هاووڵاتییانە دەکات متمانەیان پێبەخشیوە و راشیگەیاند کە تاوەکو هەڵبژێرانی سەرۆکوەزیرانی نوی پۆستەکە بەڕێوەدەبات.
دوا بە دوای زەمینەلەرزەی دەستلەکارکێشانەوەی وەزیر و کارمەندانی کابینەکەی بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، وەزیران و پەرلەمانتارانی بەریتانیا کاردانەوەیان نیشان داوە بەرامبەر بە ناوبراو و داوایان لێکردبوو دەست لەکار بکێشێتەوە.
لەوبارەیەوە براندۆن لویس، وەزیری حکومەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ئێرلەندای باکوور بە ئاماژەدان بەوەی کە حکوومەتێکی باش و خۆ بە بەرپرسیارزان لەسەر بنەمای “سەرڕاستی، گشتگیری و رێزگرتن” بونیاد دەندرێت، رایگەیاند کە بڕیاری داوە دەست لەکار بکێشێتەوە.
هاوکات بەرلە لویس دوو رۆژ پێشتر میشێل دۆنەلان کە وەزارەتی پەروەردەی پێ سپێردرابوو، دەستی لەکار کێشایەوە.
لەلایەکی دیکەوە نەدیم زەهاوی کە لە جێگای ریشی سوناک بووەتە وەزیری دارایی بەریتانیا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر داوا لە جۆنسۆن دەکات دەست لەکار بکێشێتەوە و نووسیوویەتی “ئەم دۆخە ئاوا ناچێت بەڕێوە و خراپتر دەبێت. باشترین کار بۆ ئێوە، پارتی پارێزگاران (جۆنسۆن سەرۆکایەتی دەکات) و لە هەموویش گرنگتر بۆ وڵات، ئەوەیە کارە دروستەکە بکەن و یەکسەر بڕۆن (و دەستلەکار بکێشنەوە)”.
وەزیری تەندروستی، ساجید جاوید و وەزیری دارایی، ریشی سوناک لە پێنجی تەمووز بە دوای یەکدا دەستیان لەکار کێشایەوە.