بکوژی کوژراوەکانی ئەمڕۆی ناحیەی شۆڕشی قەزای چەمچەماڵ دەستگیرکرا.
دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی بڵاویکردەوە، “بکوژی کوژراوەکانی ئەمڕۆی ناحیەی شۆڕشی قەزای چەمچەماڵ لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیرکرا”.
هاوکات لەدوای بڵاوبونەوەی هەواڵەکە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، “دەستخۆشی لە ھێزە ئەمنییەكان دەكەم كە توانییان لە ماوەیەكی كورتدا؛ تاوانباری كردەوە قێزەونەكەی ئەمڕۆی چەمچەماڵ دەستگیر بكەن. جارێکیتریش هەموو لایەک دڵنیا دەکەمەوە کە تاوانبار بە سزای یاسایی خۆی دەگات”.
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لەسەرەتاکانی دەستپێکردنی مەراسیمی جەژنی رەمەزان، پیاوێک لەگەڕەکی سەنگاوییەکانی قەزای چەمچەماڵ بەچەکەوە هەڵیکوتایە سەر ماڵی خەزووری و لەئەنجامدا چوار ئەندامی ئەو خێزانەی کوشت و دوو ئەندامی خێزانەکەشی بریندارکرد.