شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق ئاشكرایكرد، ئەو كوڕەی سێ رۆژ لەمەوبەر دایک و دوو خوشكی خۆی لە شاری بەغداد كوشت، لە هەرێم لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە دەستگیركراوە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، هەماهەنگی لە نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم لە سەرجەم بوارەكانی ئەمنیدا كاریگەری ئەرێنی هەبوو و لەو چوارچێوەشدا هێزەكانی ئاسایشی كوردستان توانیویانە تۆمەتبارێک دەستگیربكەن كە دوو رۆژ لەمەوبەر دایک و دوو خوشكی لە شاری بەغداد كوشتبوو.
جێی ئاماژە پێكردنە، رووداوەكە لە ناوچەی كازمیەی باكووری بەغداد روویداوە و دوای رووداوەكەش شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردبووەوە كەسێک دەستڕێژی گولـلەی لە ئەندامانی خێزانەكەی لە باكووری بەغداد كردووە و دواتریش بەرەو شوێنێكی نادیار هەڵاتووە.