بڕیارێكی نوێ لەبارەی پێوەری ئاوەوە دەركرا

بڕیارێكی نوێ لەبارەی پێوەری ئاوەوە دەركرا

شوبات 14, 2023 18:09
بڕیارێكی نوێ لەبارەی پێوەری ئاوەوە دەركرا
0

لایک

بڕیاری لێخۆشبوون بۆ پێوەری ئاو درێژكرایەوە و وەزارەتی شارەوانی دەڵێت، “لەسەر داوای ئێمە بووە بڕیارەكە لە ئەنجومەنی وەزیران دەركراوە”.

بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم، لەبەر بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەسەر داوای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رەزامەندی دا بە نوێكردنەوەی بڕیاری لێخۆشبوونی بەشێكی كرێی ئاو بۆ ئەو هاوبەشانەی تاوەكو ئێستا پێوەری ئاویان نەبەستووە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەو بڕیارە سوودێكی زۆر باشی بۆ هاوڵاتییان دەبێت و بەهۆیەوە ڕێژەی بەستنی پێوەری ئاو لەسەر تاسەری هەرێمی كوردستان بەرزبووەوە و گەیشتە نزیكەی 80% و ئەمەش كاریگەرییەكی زۆر باشی هەبوو.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، بڕیارەكە تاوەكو 21ی نیسانی ئەمساڵە و هاوڵاتییان لە ئێستاوە دەتوانن سەردانی بنكە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو و كۆكردنەوەی كرێی ئاو بكەن بۆ ئەوەی مامەڵەی بەستنی پێوەریان بۆ جێبەجێبكرێت.

هاوکات ئەمەش هاتووە، لە سەنتەری شارە گەورەكانی: هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، هەر هاووڵاتییەک مامەڵەی بەستانی پێوەری ئاو بكات، لێخۆشبوونی بۆ دەكرێت كە پێشتر هەشتا هەزار دینار بووە، بەڵام ئێستا بۆی دەكرێتە تەنیا 20 هەزار دینار. سەبارەت بە دەرەوەی سەنتەری شارە گەورەكان، لە هەر قەزا و ناحیە و كۆمەڵگەیەك كە پێوەری تێدا دەبەسترێت، لە 80 هەزار دینارەوە بۆیان دەكرێتە تەنیا 10 هەزار دینار.