ئاژانسی فەرمیی ئێران رایگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەیەکەوە لە باشووری ئەو وڵاتە لانیکەم پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و 49 کەسی دیکەش برینداربوون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 0-07-2022، ئاژانسی تایبەت بە بوومەلەرزەزانیی ئەمریکا رایگەیاند، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6 پلە بە پێوەری رێختەر لە دووری 100 کیلۆمەتر باشووری رۆژئاوای شاری بەندەر عەباسی لە پارێزگای هۆرمۆزگان هەژاندووە.
ئاژانسی فەرمیی ئێران- (ئیرنا) ئەوەی راگەیاند، سێ بوومەلەرزە بە گوڕەکانی 6.1 و 6.1 و 6.3 بە پێوەری رێختەر پارێزگاکەیان هەژاندووە.
دوای بوومەلەرزەکە، مەهدی دۆستی، پارێزگاری هۆرمۆزگان بە ئاژانسی فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند کە لانیکەم پێنج کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە و 49 کەسی دیکەش برینداربوون.