بنیامین نەتەنیاهوو بۆ جاری سێیەم وەکو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڵدەبژێردرێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی هاوپەیمانێتییەکەی نەتەنیاهوو لە هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا توانیی 64 کورسیی کنێست بەدەستبهێنێت و بە راستڕەوترین هاوپەیمانی لە مێژووی ئیسرائیلدا ناسراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ـی کانوونی یەکەمی 2022، پەرلەمانی ئیسرائیل، ناسراو بە کنێست، بۆ متمانەدان بە کابینەکەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکی پارتی لیکود کۆدەبێتەوە. ئەمەش دوای ئەوەی، رۆژی سێشەممە 27ی ئەم مانگە، پەرلەمانی ئیسرائیل رەشنووسێکی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کەسایەتییە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران پەسند کرد.
پارتەکەی نەتانیاهوو لە هەڵبژاردنی 1ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا لەلایەن پارتێکی ئەوپەڕی ئۆرتۆدۆکسیی جوو و پارتێکی ئەوپەڕی راستڕەوەوە هاوپەیمانی کرا و لێکۆڵینڤانان دەڵێن، حکومەتی نوێی ئیسرائیل راستڕەوترین دەبێت لە مێژووی ئیسرائیلدا، کە لە 1949 دامەزرا.
لە مێژووی ئیسرائیلدا نەتەنیاهوو بە درێژمەوداترین سەرۆکوەزیران دادەنرێت. جاری یەکەم لە ساڵی 1996 تاکو 1999 سەرۆکوەزیران بووە و دواتریش ریکۆردی 12 ساڵ سەرۆکوەزیرانبوون لە 2009 بۆ 2021ی شکاندووە و ئەمەش بۆ جاری سێیەمە وەکو سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە هەڵدەبژێردرێت.