بایدن لە وتارێکدا باسی سەردانەکەی بۆ سعوودیە كرد
  • TEBA KURDİ
  • جیهان
  • بایدن لە وتارێکدا باسی سەردانەکەی بۆ سعوودیە كرد

بایدن لە وتارێکدا باسی سەردانەکەی بۆ سعوودیە كرد

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:43
بایدن لە وتارێکدا باسی سەردانەکەی بۆ سعوودیە كرد
0

لایک

سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن ئاشكرایكرد، ئامانجی لە سەردانەکەی بۆ سعوودیە بەهێزکردنی پەیوەندییە ستراتیجییەکانە لەگەڵ ئەو وڵاتە.

بە ناونیشانی “ئامانجی سەردانه‌كه‌م بۆ سعوودیە”، جۆ بایدن وتارێکی بۆ رۆژنامەی واشنتۆن پۆست نووسیوە.

بایدن بە ئاماژەدان بەوەی کە سەردانەکەی بۆ ئیسرائیل و کەناری رۆژئاوا و سعوودیە لە ١٣-١٦ی تەمووز گرنگە بۆ بەرژەوەندی ناوچەکە و ئەمریکا، وتی، “هەفتەی داهاتوو سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەم بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ و هیوابەخش لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ناوچەکە”.

سەرۆکی ئەمریکا ئەوەی خەستەڕوو کە سەقامگیربوونی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە بەرژەوەندی ئەمریکایە لە زۆر پرسدا، راشیگەیاند: “رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئیستادا زۆر سەقامگیرتر و پارێزراوتره‌ لەو کاتەی کە ١٨ مانگ لەمەوبەر دەستبەکاربووم. کشانەوەی سەرۆکی پێشوو، دۆناڵد ترەمپ لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بووە هۆی ئەوەی ئەم وڵاتە چالاکییەکانی لە پیتاندنی وزەی ئەتۆمی زیاتر بکات. بەردەوام دەبین لە هەوڵە دیبلۆماتییەکانمان بۆ گەڕاندنەوەی ئێران بۆ ئەم رێککەوتنە”.

بایدن وەبیریهێنایەوە کە راپۆرتی هەواڵگرییان لەسەر کوشتنی رۆژنامەنووس جەمال خاشقچی بڵاوکردووه‌تەوە و لەو رووەوە سزایان بەسەر ٧٦ کەسدا سەپاندووە.

جۆ بایدن بە ئاماژەدان بەوەی کە سعوودیە لە ئێستادا پاڵپشتی لە ئاگربەستی یەمەن دەکات و لەگەڵ بەرهەمهێنەرانی ئۆپێک کاردەکات بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕەکانی نەوت، گوتی: “هەر لەسەرەتاوە ئامانجم پچڕاندنی پەیوەندییەکان نەبوو، بەڵکو باشتر کردنی پەیوەندییەکان بوو لەگەڵ ئەو وڵاتە (سعوودیە) کە ٨٠ ساڵە هاوبەشی ستراتیجیمانە”.

بایدن ئاشکرای کرد ئەو دەزانێت زۆر کەس ناڕەزایەتیان هه‌یه‌ بەرامبەر بەم سەردانە، گوتی: “وەک سەرۆکی ئەمریکا، ئەرکی منە کە وڵاتەکەمان بەهێز و ئارام بهێڵمەوە. دەبێت بەرامبەر دەستدرێژییەکانی رووسیا بوەستینەوە، خۆمان لە باشترین شوێن دابنێین بۆ بەرەنگاربوونەوەی چین، کار بۆ سەقامگیری زیاتر بۆ هەموو جیهان بکەین. بۆ ئەنجامدانی هەموو ئەمانە، پێویستە راستەوخۆ لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا کار بکەین. سعوودیە یەکێکە لەو وڵاتانە. ئامانجم لە کۆبوونەوەکەی رۆژی هەینی بەهێزکردنی هاوبەشی ستراتیجیمان دەبێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و بەرپرسیارێتی هاوبەش”.

سەرۆکی ئەمریکا بە ئاماژەدان بەوەی رۆژی هەینی یەکەم سەرۆکی ئیسرائیل بە فڕۆکە گەشت دەکات بۆ جددە، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد ئەم گەشتە دەبێتە هێمایەک بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و جیهانی عەرەبی.

جۆ بایدن ئەوەیشی خستەڕوو کە هێشتا کێشە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە وەک بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، شەڕی ناوخۆی سووریا، قەیرانی ئاسایشی خۆراک، تیرۆر، کێشە سیاسییەکان و مافەکانی مرۆڤ لە عێراق و لیبیا و لوبنان، ئاماژەی بەوەشکرد کە لە سەردانەکەیدا لەسەر ئەم پرسانە دەدوێت.