باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق رایدەگەیەنێت وڵاتەکەی هیچ ئاستێکی بۆ بەهای دۆلار لە عێراقدا دەستنیشان نەکردووە و سزاشی بەسەر عێراقدا نەسەپاندووە، دەشڵێت ئەوەی هەیە تەنها هاوکاریکردنە لەپێناو رێگریکردن لە بردنەدەرەوەی نایاسایی دۆلار.
ئالینا رۆمانیسکی، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا لە عێراق، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی تەغیری عێراقی رایگەیاند؛ ئەمەریکا هیچ ئاستێکی بۆ بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی دەستنیشان نەکردووە.
جەختیش دەکاتەوە؛ هیچ سزایەک نییە ئەمەریکا لەم ماوەیەدا بڕیاری لەسەر دابێت و سەپێنرابێت بەسەر عێراقدا بەتایبەتی لە کەرتی دارایی و ئابووریدا.
رۆمانیسکی دەشڵێت؛ ئەوەی ئێستا لە ئارادایە ئەوەیە ئەمەریکا دەیەوێت هاوکاریی و هەماهەنگیی پێشکەش بە عێراق بکات لەپێناو رێگریکردن لە بردنەدەرەوەی نایاسایی دۆلار لە عێراقەوە بۆ وڵاتانی دیکە.