باکو ستار رێستۆڕانت، لە گەرەکی بەختیاری شاری هەولێر(ئەربیل) ئامادەیە بۆ پێشکەشکردن و خزمەتکردن لە ناساندنی تامە نایابەکانی ئازەربایجان بە عێراقییەکان.
باکو ستار، وەکو تاکە رێستۆڕانتی ئازەربایجان لە هەولێر(ئەربیل)، بە چێشتخانە دەوڵەمەندەکەی لە بواری خواردنە هەمەجۆرەکان و دیزاینە ناوازەکەی بۆ پێشکەشکردنی نایابترین تام لە خزمەت هاوڵاتییاندایە.
زامیق ئاگدامسکی، بەرێوبەری کارگێری رێستۆڕانتەکە سەبارەت بە ئامانجی کردنەوەی رێسۆڕانتەکە قسەی بۆ مایکی “تەبا” کرد.
ئاگدامسکی لە سەرەتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، “باکو ستار یەکەمین و تاکە رێستۆڕانتی ئازەربایجانە لە هەولێر(ئەربیل)، رێستۆڕانتەکە بەمەبەستی ناساندنی تامە نایابەکان و کەلتور و شارستانییەتی ئازەربایجان بەرووی دانیشتوواندا کراوەتەوە. هەموو کەسێک لە هەموو شوێنێکی جیهاندا دەتوانێت خواردنی ئازەربایجان بناسێتەوە، ئێمە خواردنە نایاب و تایبەتییەکانی ئازەربایجانمان هێناوەتە خزمەتی ئێوە”.
ئاگدامسکی ئاماژەی بەوەشدا، باکو ستار خواردن و چای و شیرنەمەنی درووستکراوی تایبەت بە شێوازی ئازەربایجان پێشکەشی میوانەکانی دەکات.
لە بارەی کێشەی زمانی کارمەندانی رێستۆڕانتەکە ئاگدامسکی رایگەیاند، “هەندێک لە کارمەندەکانمان زمانی کۆنی ئازەری بەکاردەهێنن کە پێشتر ئێمە بەکارمان دەهێنا و لە ئێستادا پشتگوێمان خستووە، ئەمەش دڵخۆشمان دەکات کاتێک دەبینین زمانی رەسەنی و کەلتووری هێشتا پارێزراوە و گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، پێخۆشحاڵین کە ئەمجۆرە کەسانە دەناسین و دەتوانین خزمەتیان بکەین. هەوڵ دەدەین خزمەتەکانمان بە گوێرەی تامی دەمی خەڵکانی ئێرە بێت، بە پشتبەستن بە دەستخۆشییەکان دەتوانم بڵێم کە لە کارەکانماندا سەرکەوتووین، بەڵام هەموو کاتێک بەردەوام دەبین بۆ خزمەتی زیاتر”.
ئاگدامسکی دەشڵێت، ئەو کەسانەی کە گەشت دەکەن بۆ ئازەربایجان، لێرەشدا داوای هەمان تامی نایاب دەکەنەوە.
بەڕێوبەری کاڕگێری لە درێژەی وتەکانیدا باسی لەوەکرد، لە رێستۆڕانتە دەوڵەمەندەکەی ئازەربایجاندا دەتوانم بڵێم دۆڵمەی گەڵامێو و برنجی شاڤ دوو لە خواردنە هەرە بەتامەکانی رێستۆڕانتەکەن.
سەبارەت بە پاقڵاوەی ئازەربایجان ئاگدامسکی وتی، “لە سەرانسەری جیهاندا پاقڵاوە بە نزیکەیی هەمان تام دەدات، بەڵام پاقڵاوەی ئازەربایجان بە درووستکردنی لەلایەن شێفی تایبەت و بەکارهێنانی کەرەستەی تایبەت وایکردووە هەمووکات خواستێکی زۆری لەسەربێت، ئەمەش ئێمەی دڵخۆشکردووە”.
سەبارەت بە دیزاینی ناوازەی شوێنەکە ئاگدامسکی بەم شێوەیە باسی کرد و وتی، “پێویستە پێشەکی ئەوە بڵێم، چێشتخانەکە لێرە دیزاینی بۆ کراوە، بەڵام لەگەڵ دیزاینەکە پێویستبوو کەمێک گۆرانکاری تێدا بکەین بۆ ئەوەی ئەم شوێنە لەگەڵ کەلتوری ئازەربایجان بگونجێنین، بۆ ئەم مەبەستەش هەندێک نەخش و نیگاری تایبەتیمان بۆ دیزاینەکە زیادکرد کە گوزاڕشت لە کەلتوری ئازەربایجان دەکات، بۆ نموونە لێرەدا دەتوانن چاوتان بە زەخڕەفەی تایبەتی خانی قەرەباغ و نەخشوو نیگاری تایبەتی دەوڵەتی شیرڤان شاهەکان و کەلتوری عوسمانی و سەلجووقی و چەند شارستانییەتەکی جیاوازی تورکی بکەوێت، لە راستیدا بەکارهێنانی ئەم جۆرە دیزاینە کەلتورییانە گوزارشت لە دێرینی رەگی نەتەوەییمان دەکات، بۆ نموونە، چەند نەخشێکی تێدا بەرجەستەکراوە کە تەمەنی دەگەرێتەوە ١٠٠ بۆ ١٢٠٠ ساڵ بەرلە ئێستا”.
باکو ستار رێستۆڕانت، جگە لە جوانی دیزاینەکەی بە پێشکەشکڕدنی کۆنسێرتی بچووک توانیویەتی سەرنجی خەڵک بۆخۆی رابکێشێت.
لەگەڵ ئەوەی مۆسیقای تایبەت هەڵبژێردراوە بۆ ئەوەی لە کاتی خواردندا خەڵک بتوانێت بە شیوەیەکی ئارام نان بخوات، هاوکات رۆژانە هونەرمەندی جیاواز لەڕووی جوگرافیاوە بانگهێشت دەکرێن، ئەمەش وایکردووە رێستۆڕانتەکە سەرنجی میوانان بەلای خۆیدا رابکێشێت.
رێستۆڕانتەکە لەکاتژمێر ٩ی بەیانی تا ١٢ی شەو کراوەیە، باکو ستار بەیانیان خواردنی هەمەجۆر و بەربڵاو پێشکەشی میوانانی دەکات و بەدرێژایی رۆژ هەوڵدەدەدات تام و لەززەتی خۆشتر بخاتە خزمەتی میوانان.
رێستۆڕانتی باکو ستار وەکوو موشتەرییەک نا بەڵکو بەشێوەی میوان خزمەتی خەڵک دەکات، تا ببێتە نموونەی چێشخانەیەکی میواندۆستی کەلتوری تورکی.
هەواڵ: بارزان لوقمان
فۆتۆ: محەمەد ئەمین